کاردانەوەی براد پیت سەبارەت بە منداڵنەبوونی ئەنجلینا جولی

رووداو – ئاژانسەکان

میدیاکانی جیهان، کاردانەوەی براد پیت ئەستێرەو ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی و خۆشەویست و باوکی منداڵەکانی ئەنجلینا جولی لە بارەی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەرهێنانی هێلکەدانی ئەم ئەستێرەیە بڵاودەکەنەوە.

ئاژانسەکان نووسیویانە، ئەنجلینا جولی بەر لەوەی نەشتەرگەرییەکە ئەنجامبدات، پەیوەندی بە براد پیت-ی خۆشەویستی کردووە، ئەو کاتە ناوبراو لە فەڕەنسا خەریکی وێنەگرتنی نوێترین فیلمی سینەمایی بووەو پێی راگەیاندووە، کە ئەو هەست بەخەمۆکی دەکات.

ئاژانسی دەیلی مەیل-ی بەریتانی لەو بارەیەوە نووسیویەتی:"براد بیت هانی ئەنجلینای داوە بۆ ئەوەی ئەم نەشتەگەرییە ئەنجامبدات و رێگری لە بەهێزبوونی شانەکانی شێرپەنجە بکات کە دکتۆرەکان لە هێلکەدانی ئەم ئەکتەرە هەستیانپێکردووە".

هەر لە بارەی ئەم بابەتە، رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی :"براد بیت هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی ئەنجێلینا بتوانێت ئەم نەشتەرگەرییە چارەنووسسازە ئەنجامبدات و پێی گوتووە، داهاتووی منداڵەکانمان پەیوەستە بەداهاتووی تۆوە".

دوێنێ میدیاکانی جیهان بڵاویانکردەوە، کە لە هەفتەی رابردوو ئەنجێلینا جولی کە لەگەڵ براد بیت خاوەنی شەش منداڵن  نەشتەگەریی بۆ دەرهێنانی هێلکەدانی ئەنجامداوە، ئەمەش دوای ئەوەی پزیشکەکان پێیان گوتووە  ترسی بوونی شێرپەنجەی هەیە چونکە شانەی نەخۆشییەکەیان لە جەستەیدا بینیوە .