بۆلیوود دوو فیلم لەسەر شیرین و فەرهاد دروست دەكات

25-01-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن شیرین و فەرهاد
A+ A-

تەیار عادل گۆران
رووداو - مۆمبای

دەرهێنەرانی هیندی تاوەكو ئێستا دوو فیلمیان لەسەر شیرین و فەرهاد دروستكردوون، بەڵام ئەوان ئەو دوو عاشقە بە فارس دەزانن نەك كورد. دەرهێنەرێكی هیندی دوای ئەوەی دڵنیا دەبێتەوە كە ئەوانە كورد بوون، دەڵێت ئەمجارە هەر فیلمێك بەو ناوە لە بۆلیوود دروست بكرێت، بەبیریان دێنێتەوە كە ئەوانە كورد بوون.

لە زۆربەی داستانە رۆمانسییەكانی هیندستاندا لەپاڵ ناوی رۆمیۆ و جولێت، لەیلا و مەجنون، ناوی شیرین و فەرهادیش دەهێنرێ. بۆلیوود تاوەكو ئێستا 2 فیلمی لەسەر داستانی شیرین و فەرهاد بەرهەمهێناوە لەگەڵ چەند گۆرانییەك كە باسی ئەو دوو عاشقە كوردە دەكەن. دەرهێنەر و ئەكتەرانی هەردوو فیلمی شیرین و فەرهاد دەڵێن ئەوان داستانی شیرین و فەرهادیان بە داستانێكی فارسی زانیوە.

شیرین و فەرهاد بە كۆمیدیا

ساڵی 2012 فیلمێكی كۆمیدی لە بۆلیوود بەرهەم هات، بەڵام تەنیا ناوەكەی شیرین و فەرهاد بوو. بۆمان ئێرانی كە رۆڵی فەرهادی لەو فیلمەدا بینیبوو، بە (رووداو)ی گوت كە ئەو فیلمەی ئەوان كردوویانە باس لە داستانی راستەقینەی شیرین و فەرهاد ناكات، بەڵكو فیلمەكەی ئەوان بەشێوازێكی كۆمیدی باس لە خۆشەویستیی ژن و پیاوێك دەكات كە بێ سنوور یەكدییان خۆشدەوێت، بۆیە ناوی شیرین و فەرهادیان بۆ فیلمەكە هەڵبژارد.

ئەم فیلمە لە دەرهێنانی لیلا بانسالی سیگال و لە بەرهەمهێنان و سیناریۆی سەنجەی لیلا بانسالە. فەرەح خان و كەڤین داڤی و بۆمان ئێرانی رۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن. ماوەی فیلمەكە 122 خولەكە و داهاتەكەشی 94 ملیۆن روپیە (یەك ملیۆن دۆلار) بوو.

بۆمان لەبارەی داستانی شیرین و فەرهاد گوتی "لە هیندستان ئەو داستانە زیاتر بە داستانێكی فارسی ناسراوە، نازانم تا چەند لە كورد نزیكە، بەڵام ئەوە دەزانم كە كورد یەكێكن لە پێكهاتەكانی ئێران، بۆیە بە دووری نابینم كە شیرین و فەرهاد كورد بووبن.

60 ساڵ لەمەوبەر فیلمیان لەسەر دروستكردووە

سەنجەی لیلا بانسالی، نووسەری سیناریۆی فیلمی فەرهاد و شیرین بە (رووداو)ی گوت كە شیرین و فەرهاد ناوێكی ناسراو بووە لە بۆلیوود و ساڵی 1956 بۆ یەكەمجار فیلمی لەسەر بەرهەم هێنراوە كە باس لە داستانی ئەو خۆشەویستییە دەكات، هەروەها باس لە خەسرەو دەكات كە عاشقی شیرین دەبێت و بەربەست لەبەردەم خۆشەویستیی شیرین و فەرهاد دروست دەكات و مەرجی كونكردنی كێوی بێستوونی لەسەر دەسەپێنێ.

ئەو سیناریستە هیندیەی بۆلیوود هەمان رای بۆمان ئێرانی هەبوو لەبارەی مێژووی راستەقینەی داستانی فەرهاد و شیرین كە بە فارسی ناسراوە، بەڵام بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لەوەی كورد بووبن. ئەو سیناریستە ئاماژەی بەوە كرد كە شیرین و فەرهاد ناوێكی ناسراون لە هیندستان، بەڵام رەچەڵەكی ناوەكە هیندی نییە. سەنجەی باسی لەوەش كرد كە دەرهێنەری فیلمەكە بۆ خۆی بە رەچەڵەك ئێرانی بووە، بۆیە لەساڵی 1956 چیرۆكی عیشقی فەرهاد و شیرینی كردە فیلم "ئەو داستانە لە رێگای ئێرانییەكانەوە خزایە نێو سینەمای هیندی، بەڵام لەنێو دەق و كتێبە هیندییەكاندا داستانی شیرین و فەرهاد نامۆ نەبوو، من بەخۆم چەند كتێبێكم لەسەر خوێندووەتەوە".

كاتێك لەگەڵ سەنجەی لە تۆڕی ئینتەرنێت بەدوای زانیاریدا دەگەڕاین لەبارەی شیرین و فەرهاد، سەنجەی گەیشتە ئەو باوەڕەی كە شیرین و فەرهاد كوردن، بۆیە گوتی "ئەگەر فیلمێكی دیكە لە بۆلیوود بەم ناوە دروستكرا، پێیان دەڵێم ناوی كورد لەبیر نەكەن".

ئیشواریا رای گۆرانی لەسەر گوتوون

داستانی شیرین و فەرهاد تەنیا جێی سەرنجی فیلمسازان نییە، بەڵكو گۆرانیبێژانیش بۆ تێكستی گۆرانییەكانیان كەڵكیان لێوەرگرتووە.

بەپێی بەدواداچوونی (رووداو) چەند گۆرانیبێژێكی هیندی لە گۆرانییەكانیاندا ناوی شیرین و فەرهادیان هێناوە. دیارترینیان ئاشواریا رای باچچان و ئەبهشیك باچچانی مێردیەتی كە لە فیلمی سەلام گۆرانییەكیان بەسەر شیرین و فەرهاددا گوتووە.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان، شیرین و فەرهاد داستانێكی كوردییە لە سەردەمی ساسانییەكان روویداوە. فەرهاد كە كورد بووە عاشقی كچە ئەرمەنییەك بووە بەناوی "شیرین". بەشێكی كێوی بێستوون لە كرماشان داتاشراوە و وێنەی ژنێكی لەسەر نەخشێنراوە، دەگوترێت ئەو تراشكارییە كاری فەرهادە و وێنەی ژنەكەش شیرینە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە