مانگی داهاتوو دادگا بڕیار لەبارەی دۆسیەی ترۆی لەینز دەدات

رووداو دیجیتاڵ

ترۆی لەینز، راپەری کەنەدی لە دادگای لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی بۆ سەر خۆشەیستی پێشووی مێگن زە ستالیێن، تەۆمەتبارە و بڕیارە لە 27 کانوونی دووەمی داهاتوو بڕیار لەسەر دۆسیەکەی بدرێت.
 
رووداوی تەقەکردنەکە لە دوای شەوێکی مەی خواردنەوە لە 2020 روویداو و لەینز گوللـەی لە پاژنەی پێی ستالیێن داوە و داوای لێکردووە سەما بکات، هەرچەند جۆری چەکەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام باس لەوە کراوە کە چەکێکی نیمچە ئۆتۆماتیکییە و ئەو راپەرە مۆڵەتی هەڵگرتنی نەبووە.
 
راپەرە تەمەن 30 ساڵەکە راستەوخۆ دوای دادگاییکردنەکە زیندانی کرا و دانی بە تاوانەکەیدا نەنا و ئامادە نەبوو هیچ شتێک لەبارەیەوە بڵێت، پێشبینی دەکرێت بە پێی یاسای ئەمریکی بۆ ماوەی 22 ساڵ زیندانی بکرێت.
 
مێگن زە ستالیێن، راپەری ئەمریکی، کە کاری لەگەڵ بیۆنسێ، گۆرانیبێژی ئەمریکی کردووە و لە 2021ـدا سێ خەڵاتی گرامی بەدەستهێناوە، لە بەردەم دەستەی دادوەری باسی ترسناکیی ئەو شەوەی کرد کاتێک خۆشەویستی پێشووی تەقەی لێی کرد و گوتی "من تاساوم، دەترسم، دەنگی تەقەکردنم بیست، ناتوانم بڕوا بەوە بکەم کە تەقەم لێ دەکات".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە بەرامبەر بێدەنگبوونی، ترۆی لەینز پێشنیازی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆی کردووە.
 
ترۆی لەینز، لە 27ـی تەممووزی 1992 لە کەنەدا لە دایکبووە، گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و بەرهەمهێنەری میوزیکییە، لە دوای بڵاوکردنەوەی چەند گۆرانییەکی تاک، یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی ' I Told You' لە 19 ئابی 2016 بڵاوکردەوە و لە ریزبەندی 19ـی بیلبۆرد هۆت 100ـدا هات، دووەمی ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'Memories Don't Die' لە 2 ئازاری 2018 بڵاوکردەوە و سێیەم ئەلبوومی بەناوی 'Love Me Now' لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2018 بڵاوکردەوە.