رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئێران بەردەوام لەگەڵ رۆژئاوا رووبەڕووی گرژی دەبێتەوە، لە تاران پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمی هاوچەرخی هونەرمەندانی رۆژئاوایی کرایەوە، تێیدا بەرهەمی پابلۆ پیکاسۆ و ئاندی وارهۆڵ خرانەڕوو.
پێشانگەکە لە مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی تاران لە پارکی لالە کرایەوە، بەشێک لە کارە هونەرییەکان چەندین دەیەیە نەبینراون.
پێشانگەکە بەناوی "رووبەڕوو"ـە، تێیدا بەشێک لە کچان و ژنان بەبێ سەرپۆش ئامادەبوون. ئەمە لە کاتێکدایە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە رێگە بە کچان و ژنانی ئەو وڵاتە نادات بەبێ سەرپۆش دەرکەون، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لەو وڵاتە، دەرکەوتن بەبێ سەرپۆش بووەتە دیاردە.
عایدە زارین، کچە گەنجێکە لە مۆزەخانەکە، لەبارەی پێشانگەکە گوتی: "یەکەم شت هەستم پێکرد، بە باوکم گوت، ناتوانم بڕوا بە بینینی ئەو کارانە بکەم، چونکە بەردەوام دووربوونە لەبەرچاومان".
پێشتر محەممەد رەزا پەهلەوی، شای ئێران کە لەلایەن رۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرا و هاوژینەکەی فەرەح پەهلەوی، مۆزەخانەی تارانیان دروستکرد و چەندین تابلۆی گرانبەهایان کڕی، بە تایبەت لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو.
ئێران لە رێگەی مۆزەخانەکە بە خستنەڕووی بەرهەمەکانی پاپلۆ پیکاسۆ، شێوەکاری ئیسپانی، کلۆد مۆنیە، شێوەکاری فەرەنسی و جاکسن پۆلۆک، شێوەکاری ئەمریکی و چەندین شێوەکاری دیکەی نێوداری جیهان، پێگەیەکی بەهێزی رۆشنبیری و هونەری بۆ خۆی دروستکرد.
دوای دوو ساڵ لە کردنەوەی مۆزەخانەکە، واتە لە 1979 شۆڕشی ئیسلامی دەستیپێکرد و حوکمرانی شا کۆتاییهات، کارە هونەرییەکانی مۆزەخانەکە لە ژێرزەمینی مۆزەخانەکە هەڵگیران.
باس لەوە دەکرێت هەموو کارە هونەرییەکان لە مۆزەخانەکە پارێزراون، تەنیا تابلۆیەکی ئاندی وارهۆڵ، هونەرمەندی ئەمریکی نەبێت لە کاتی شۆڕی ئیسلامی دڕێندراوە.
بەهای کارە هونەرییەکانی نێو مۆزەخانەکە بە چەندین ملیار دۆلار خەملێندراوە و چەندین جار پێشنیاز بۆ مۆزەخانەکە هاتوون، بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە.
لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 120 کاری هونەری بەرچاو دەکەون، جگە لە بەرهەمی هونەرمەندانی جیهانی، کاری بەشێک لە شێوەکارە دیارەکانی ئێرانیش لەخۆدەگرێت.
یەکێک لە تابلۆکان، وێنەی "جاکلین کێنێدی دووەم"ـی وارهۆڵە کە وێنەیەکی لێکدراوی چاپکراوە لەسەر ئاوریشم، ئەویش وێنەی خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکایە لە 1963 لە دوای تیرۆرکردنی هاوژینەکەی جۆن کێنێدی.
بەرهەمێکی دیکەی وارهۆڵ لە پێشانگەکەدا بەرچاو دەکەوێت، ئەویش وێنەی میک جاگەر، ئەندامی گرووپی رۆڵینگ ستۆنزە و توانی سەرنجی ئامادەبووان رابکێشێت و بە مۆبایلەکانیان وێنەی بگرن.
جەمال عەرەبزادە، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە رایگەیاند: "بەشێکی زۆر لەو کارە هونەرییانە لە مێژووی هونەردا گرنگن، ئەمەش لە پێشانگەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە".
خستنەڕووی هونەری رۆژئاوایی لە پایتەختی ئێران لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، بووکەڵەی باربی و وێنەی کارەکتەرە کارتۆنییەکانی نێو زنجیرەی "The Simpsons" قەدەخە کردووە.
چوونە ژوورەوە بۆ پێشانگەکە نرخی 14 سەنتی ئەمریکییە و وەک رووداوێکی دەگمەنی هونەری لەو وڵاتە سەیر دەکرێت.
لە دوای هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان، وەک سەرۆکی نوێی ئێران لە تەممووزی 2024، دەستگیرکردن و سزادان بەهۆی پابەندنەبوون بە بڕیاری سەرپۆشی کەمیکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ