'An Unfinished Film' دوو خەڵاتی ئەسپی زێڕینی بەدەستهێنا


رووداو دیجیتاڵ

لە تایوان خەڵاتەکانی ئەسپی زێڕین دابەشکران کە یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانی بواری سینەمایە لە کیشوەری ئاسیا، فیلمی "An Unfinished Film" لە دەرهێنانی لو یی؛ توانی دوو خەڵاتی سەرەکی بەدەستبێنێت.
 
هەرچەند دەرهێنەری فیلمەکە لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکان ئامادە نەبوو، بەڵام توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین فیلمی درێژ بەدەستبێنێت.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن، بەخشرایە چۆنگ سویت یەنگ، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "The Way We Talk"، هەروەها چانگ چی یۆنگ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Bel Ami" بەدەستهێنا.
 
61مین رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکانی ئەسپی زێڕین، رۆژی شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024 لە تایپێی تایوان بەڕێوەچوو و خەڵاتەکان لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی فیلمی ئەسپی زێڕین دیاریکران و تایبەت بوو بە بەرهەمە سینەماییەکانی 2023 و 2024.