کەی بەهار فیلمێک بەناوی 'رۆمان و جولیێت' بەرهەمدێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەی بەهار، فیلمسازی کورد ئامادەکاری بۆ یەکەم فیلمی درێژی خۆی دەکات و چیرۆکەکەی گرێدراوی "رۆمیۆ و جولیێت"، شاکارە بەناوبانگەکەی ولیەم شەکسپیرە.  
 
کەی بەهار، ئەمڕۆ چوارشەرممە 24ـی تەمموزی 2024 میوانی بەرنامەی نووڕۆژ بوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، نوێترین پڕۆژەی کاری دەرهێنانە بۆ یەکەم فیلمی درێژ بەناوی "رۆمان و جولیێت" و لە چیرۆکی "رۆمیۆ و جولیێت"ـی شەکسپیر وەرگیراوە.
 
بڕیارە کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، پێنج کورتەفیلمی کەی بەهار، لە چوارچێوەی پڕۆژەی سینەما و جەماوەر لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر پێشانبدرێن، کە لەلایەن بەشی سینەمای هەولێر لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتی پارێزگاری هەولێر سازدەکرێت.
 
فیلمەکان بریتین لە "من سامیم"، "میوانێکی تایبەت"، "سکاڵا"، "رۆژی سەربەخۆیی" و "من لە کوێ بووم" و یەکەمجارە لە کوردستان پێشاندەدرێن.
 
کەی بەهاری لەبارەی پێشاندانی فیلمەکانی لە هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، فیلمەکانی زیاتر لە دەرەوەی وڵات پێشاندراون و خەڵاتیان بەدەستهێناوە، بەڵام زۆر دڵخۆشە کە لە نێو وڵاتی خۆی پێشاندەدرێن، ئەمەش بۆ ئەو خەڵاتێکی گەورەیە.
 
لەبارەی پەیامی فیلمەکانی، روونیکردەوە، ناوەڕۆکی فیلمەکانی پەیوەندییان بە مژاری مرۆڤایەتییەوە هەیە و لەبارەی کولتوورە جیاوازەکانە و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لە نێوان کوردستان و دەرەوە، دوور لە رەگەزپەرستی و جیاوازیی ئایینی.
 
دوایین بەرهەمی ئەو دەرهێنەرە کوردە، کورتە فیلمی "سکاڵا" بوو، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو کە بە خۆبەخشی کارەکانی کراوە، لەمبارەیەوە گوتی: کاری خۆبەخشی لە سینەمادا کارێکی باش نییە، چونکە فیلمکاری پیشەیە، لە وڵاتانی دیکە بۆیە پێش دەکەون چونکە وەکو پیشە سەیری سینەما دەکرێت و بە خۆبەخشی کارەکان زۆر سنووردار دەبن. گوتیشی: "دەبێت بەرهەمەکانمان شایستە بن بۆ ئەوەی بینەر سەیریان بکات".
 
کەی بەهار، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری فیلمە و لە بەریتانیا دەژی، خاوەنی 21 فیلمی کورت و درێژە، لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە فیلم و میدیا لە کۆلێژی بیرکبێک لە لەندەنی بەریتانیا بەدەستهێنا، ماستەری لە فیلمکاری لە زانکۆی باس سپای بەریتانیا لە 2020 بەدەستھێنا.
 
یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ئەو دەرهێنەرە کوردە، بەناوی "من سامیم"ـە و زیاتر لە 150 پێشاندانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە و 53 خەڵاتی بەدەستهێناوە.