بەهۆی سڕینەوەی گۆرانییەک کە ناوی کورد و کوردستانی تێدا هاتووە رەخنە لە نایکی دەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوو هونەرمەند کە گۆرانییەکیان لەلایەن کۆمپانیای نایکیەوە لەسەر رێکلامێکی بازرگانی دانرابوو و دواتر سڕایەوە، رەخنە لە کۆمپانیاکە دەگرن و دەڵێن، سڕينەوەی گۆرانییەکە هەڕەشەیە لەسەر ئازادی رادەبڕین و دەنگی کورد پەراوێز دەخات. 
 
کۆمپانیای نایکی لەو گرتە ڤیدیۆیەی کە رۆژی 5ـی تەممووزی 2024 بڵاویکردەوە، رێکلامی بۆ پێڵاوێک دەکرد کە دروستکراوی کۆمپانیاکەی بوو و گۆرانییەکی خرابووە سەر کە تێیدا ناوی کورد و کوردستان هاتبوو.
 
گرتە ڤیدیۆکە 48 کاژێر دوای بڵاوبوونەوەی لەلایەن کۆمپانیاکەوە سڕایەوە. 
 
ئەو گۆرانییەی کۆمپانیای نایکی بەکاریهێنابوو بەشێوەیەی دوێت لەلایەن هونەرمەندێکی بەریتانی بەناوی کۆڵینز نێمی و هونەرمەندێکی کورد بەناوی بژی گوتراوە و ناوی گۆرانییەکەش (زێڕ)ـە کە تێیدا دەڵێت، "دەمەوێت زێڕەکەم لەبەر بکەم، وەک دایکێکی کورد لە لەندەنەوە بۆ کوردستان."
 
ئێستا هەردوو هونەرمەندەکە لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن، "بێدەنگبوونی نایکی و شکستهێنانی لە باسکردنی ئەو تۆمەتانە زیانی بە براندەکانمان و ناوبانگمان گەیاندووە. بە سڕینەوەی گۆرانییەکە، بێ هیچ رەوایەتییەک، دەنگی کورد پەراوێز خراوە."
 
دوو هونەرمەندەکە ئاماژە بەوە دەکەن، بەو گۆرانییە ویستویانە رێز لە کولتوورەکان بگرن و خۆشەویستی لە جیهاندا بڵاوبکەنەوە و دەڵێن، "ئەو کارەی نایکی پێشینەیەکی مەترسیدارە."
 
لە گرتە ڤیدیۆییە رێکلامەکەدا کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی بەناوبانگی فەرەنسی دەردەکەوێت.
 
بڵاوکردنەوەی ئەو رێکلامە لەلایەن کۆمپانیای نایکی بەو گۆرانییەوە هەر زوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە ترێند، بەتایبەت لەلایەن هاونیشتمانیانەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی ناوی کورد و کوردستان لە گۆرانییەکەدا. 
 
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای نایکی هۆکاری سڕینەوەی ڤیدیۆکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەکارهێنانی ناوی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام نیگەرانیی تورکیای لێکەوتووەتەوە و بەشێکیشیان سانسۆر کراون.