کوردانی ئێزدی نیشانی دەدەن داعش نەیتوانیوە هونەر و کولتووریان لەنێوبەرێت

رووداو - شنگال 

پێنجەمین فێستیڤاڵی هونەری و فۆلکلۆریی شنگال لەلایەن بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش سازکرا و، زۆربەی بەشداربووان بە جلوبەرگی رەسەنی کوردیی ناوچەی شنگال بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد.

لە پێنجەمین فێستیڤاڵی شنگالدا کەلوپەلە پارێزراوەکانی لە شەڕی داعش و وێنەی کاتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر شنگال نمایشکران، هەروەها 10 هونەرمەندی شنگال چەندین بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکرد. 

مەیان ئیدۆ، کوردێکی ئێزدیی بەشداربوو لە فێستیڤاڵەکە دەڵێ "کاتێک داعش هات، ئێمە لە گوندی خۆمان دەرچووین، ئەوەی توانیمان بیانپارێزین: جلوبەرگ، گوریس و بێژنگ بوون و ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشمان کردن".

شێخ شامۆ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییان دەڵێ "کارەساتەکەی ئێمە گەورەیە، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژییە نەیتوانی ئێمە و فۆلکلۆر و هونەر و رۆشنبیریمان لەنێوبەرێت، خەڵک و پێشمەرگە بە هاوارمان هاتن و ئێمەیان پاراست، ئەگەر کوردستانیش ئازاد نەبووایە، ئێمەش لەنێودەچووین".