لە کۆلن نەڤید زەردی دوو کۆنسێرت لە یەک شەودا سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند نەڤید زەردی، دوو کۆنسێرت لە یەکە شەودا بۆ هەوادارانی لە کۆلنی ئەڵمانیا سازدەکات و گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش دەکات.
هەردوو کۆنسێرتەکە لە رۆژی شەممە 26-2-2022 لە یەکێک لە بەناوبانگترین هۆڵەکانی کۆلنی ئەڵمانیا بەناوی موزیکاڵ دوم سازدەکرێت، یەکەم کۆنسێرت کاژێر 19:30 و دووەمیان کاژێر 21:30 دەستپێدەکەن و هەریەکەیان دوو کاژێر دەخایێنن.
نەڤید زەردی جگە لە گۆرانیگوتن، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانیشە، هەواداری زۆرە و جگە لە کوردستان، کۆنسێرتی لە چەندین وڵات سازکردووە، دوایین کۆنسێرتی لە 21-8-2021 لە ڤاڵدیریسی نەرویج بوو.
دوایین ڤیدیۆکلیپی نەڤید زەردی، 'شیرینە سەوزە' بوو کە گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردییە و پێشتر لەلایەن چەند گۆرانیبێژێکی کوردەوە گوتراوە، زەردی، بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە و بەشێک لە تێکستەکەشی گۆڕیوە.
'شیرینە'ـی زەردی، لە دوا رۆژەکانی 2021 وەک دیارییەکی ساڵی نوێ پێشکێش بە هەوادارانی کرا و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 700 هەزار بینەری لە کەناڵی تایبەتیی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب هەیە کە 495 هەزار سەبسکرایپی هەیە.
'پۆز' یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی ئەو هونەرمەندەیە کە بەشێوەی دوێت لەگەڵ گیمس، گۆرانیبێژ و میوزیسیانی فەرەنسی بە رەچەڵەک کۆنگۆلی بوو و ماوەی 14 ساڵە یەکێک لە هونەرمەندە پلە یەکەکانی ئەوروپایە و ڤیدیۆکلیپەکانی ملیۆنان بینەریان هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیدیۆکلیپی 'کوردە'ـی نەڤید زەردی کە بەشێوەی دوێتە لەگەڵ شاناز زاهیر، وەک پڕبینەرترین ڤیدیۆکلیپی کوردی لە 2021 ناسێندرا و ئێستا زیاتر لە 22 ملیۆن بینەری هەیە.
2021 بۆ ئەو هونەرمەندە ساڵێکی پڕ بەرهەم و پڕ دەستکەوت بوو و چوار ڤیدیۆکلیپی بەناوەکانی 'شەرممەکە'، 'کوردە'، 'پۆز' و 'شیرینە' بڵاوکردەووە کە زیاتر لە 40 ملیۆن بینەریان هەیە
هەر لە 2021ـدا، ناوی نوێترین ئەلبووم و گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکەی ئاشکرا کرد کە بەناوی 'کوردی'یە و بڕیارە لە 7-7-2022 بڵاوی بکاتەوە.
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەری ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی 12 گۆرانیبێژ هەیە و تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بیانیش داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 23 ملیۆن بینەری هەیە.