ئەمڕۆ لە سلێمانی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' نمایش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دەرهێنانی شوان کەریم، کاژێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە هۆڵی رۆشنبیری نمایش دەکرێت.
لەم بەرهەمە شانۆییەدا ژمارەیەک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، لەوانە، رێشان محەممەد، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید، مەستان مەریوان، فەرهاد سەعدی و هەنار کامەران.
شانۆگەرییەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و میوزیک ئامێزەکانە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات.
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.
لە دوای نمایشکردنی ئەم بەرهەمە لە سلێمانی لە 24-2-2022، بڕیارە لە هەولێر، دهۆک و کەرکوک نمایشبکرێت، تەنانەت پلانی ئەوە هەیە لە ئەڵمانیاش نمایشبکرێت.
شوان کەریم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای نمایشکردنی شانۆگەرییەکە، پلانیان هەیە لە دەرەوەی وڵات نمایشی بکەن، ئەوەی گرنگە لەم پڕۆژە هونەرییە ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە کەرتی تایبەت پشتگیری لە پڕۆژەیەکی هونەریی گەورە دەکات کە زیاتر لە 23 کەس تێیدا بەشدارن.
گوتیشی، بینەر لە کوردستان زۆر تامەزرۆی شانۆیە، بەڵام بەرهەمی شانۆیی کەمن و ئەوانەی کە هەن، بەشی زۆریان لە ئاستێکی هونەری باشدا نین.
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە، ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی 'نامۆ'، 'هانۆڤەر 98، 'ئیمپرۆکۆکن' و 'سکێچ' بووە، لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر، 'کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی'، 'شەوی نیشتمانی'، 'ساڵی سفر'، 'هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت'، 'گەر بڕیارە نمرین' و 'سەرەتا زۆر سەرەتا'، جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.