کارۆ کورد مێژووی کورد لە فیلمێکدا دەخاتەڕوو و لە سینەمادا پێشاندەدرێت


رووداو دیجیتاڵ

کارۆ کورد، گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە هەوڵی تاکەکەسی؛ فیلمێکی بەناوی "کارۆ" بەرهەمهێناوە و خۆی کارەکتەری سەرەکییە تێیدا و باس لە مێژووی کورد لە قۆناخە جیاجیاکاندا دەکات. تۆڕی میدیایی رووداو، سپۆنسەری میدیایی پێشاندانی فیلمەکەیە.
 
فیلمەکە بەرهەمێکی نیوە بڵندە و پشتی بە بەڵگەی زانستی بەستوە، ماوەکەی نزیکەی یەک کاژێرە و لە شاری مەریوان و گوندی دزڵیی رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و لە 2022 بەرهەمهێنراوە و حەوت مانگی خایاندووە. تریلەرەکەی بۆ جاری یەکەم لە رێگەی رووداو بڵاودەکرێتەوە.
 
کارۆ کورد، بە رووداوی راگەیاند، فیلمەکە سەبارەت بە کوردە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر مێژوو، زانست، ئایین، جلوبەرگ، قارەمانی، هونەر و ژینگەدۆستی و چەندین بوار و مژاری دیکە. گوتیشی، چیرۆکی فیلمەکە لە ئادەمەوە لە بەهەشت دەستپێدەکات، تا دەگات بە نوح پێغەمبەر و ئیبراهیم پێغەمبەر، دواتر باس لە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک دەکات تا دەگات بەم سەردەمە.
 
ئەو فیلمسازە گەنجە کە ناوی تەواوی کارۆ محەممەدییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئامادەکردنی فیلمەکە بەپێی بەڵگەنامەی زانستی و ئارکیۆلۆجی بووە. هەندێ زانیاریی لەخۆدەگرێت کە بۆ بینەر نامۆ و نەزانراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش "نابێت بە یەک دڵۆپ لە دەریای مێژووی کورد".
 
روونیشیکردەوە، فیلمەکە تایبەتە بە گەلی کورد، جگە لە پێشاندانی مێژووەکەی بە خەڵکی بیانی، ئامانجی دیکەی ئەوەیە کورد زانیاری لەبارەی مێژوو و داهێنانەکانی خۆی بزانێت و داهاتوویەکی گەشتر بۆ خۆی بونیاتبنێت. 
 
پێشاندانی فیلمەکە لە 29ـی کانوونی دووەمی 2024 لە سینەمای هەولێر، لە رۆیاڵ مۆڵ دەستپێدەکات.
 
کارۆ کورد، وەک نووسەر، دەرهێنەر، ئەکتەر، جلوبەرگ، میوزیک و گۆرانی، شیعر و تێکست و کۆکردنەوەی زانیاری کاری بۆ فیلمەکە کردووە، تەواوی تێچووەکەی لەسەر ئەرکی خۆی و خێزانەکەی بووە.
 
کارۆ محەممەدی 1999 لە گوندی دزڵیی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە بەشی مێژوو و شارستانییەتی میللەتان لە هەرسێ زانکۆی تاران، خوڕاسان و کرماشان هەیە، دکتۆرای شانازیی میوزیک و دکتۆرای شانازیی مێژووی لە زانکۆی خوڕاسان پێبەخشراوە، ژەنیاری 30 ئامێری میوزیکە، لەوانەش شمشاڵ، ڤایۆلێن و باڵەبان. کتێبێکی زیاتر لە دوو هەزار لاپەڕەی لەبارەی مێژووی کورد نووسیوە، بەڵام چاپی نەکردووە، دواتر بڕیاریداوە لە فیلمێکدا ئەو مێژووە بە کورتکراوی بخاتەڕوو.