تۆمەتی گێچەڵی سێکسی دەخرێتە پاڵ ڤێن دیزڵ

رووداو دیجیتاڵ

ژنێک بەناوی ئاستا جۆنەسن، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەخاتە پاڵ ڤێن دیزڵ، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەوڵیداوە لە ژوورەکەی لە هوتێلدا دەستدرێژی بکاتە سەر.
 
ئەو ژنە لە لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا، سکاڵای لەسەر دیزڵ تۆمارکردووە و دەڵێت لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی 'Fast and Furious' لە 2010 گیچەڵی سێکسی پێکردووە.
 
سامانسا ڤینسینت، خوشکی ڤێن دیزڵ و خاوەنی کۆمپانیای 'One Race Productions'، چەند کاژێرێک دوای ئەو رووداوە ئاستا جۆنەسنی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە.
 
ئاستا جۆنەسن، جگە لە ڤێن دیزڵ، سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکەش تۆمارکردووە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ڤێن دیزڵ بۆ بەدیهێنانی ئارەزووە سێکسییەکانی بەکاریهێناوە و ئەویش بەرەنگاری دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، دوای ئەوەی بە ئامانجەکەی نەگەیشتووتە وەک ستافی کاری فیلمەکە دووریخستووەتەوە.
 
دوایین بەشی زنجیرە فیلمی 'Fast & Furious' ئەمساڵ بەناوی 'Fast X' بڵاوکرایەوە و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا گەیشتە 704 ملیۆن و 875 هەزار دۆلار، لەو داهاتە 146 ملیۆن و 126 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور بەدەستهێنابوو.
 
یەکەم بەشی 'Fast & Furious' لە 2021 بڵاوکرایەوە و نۆیەم بەشی بەناوی 'F9: The Fast Saga' بڵاوکرایەوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلار بوو.
 
داهاتی ئەم بەشە لە سینەماکانی جیهاندا لە سەردەمی کۆرۆنادا، 756 ملیۆن و 229 هەزار دۆلاری ئەمریکی بوو، داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 70 ملیۆن و 43 هەزار دۆلار بوو.
 
بەشی حەوتەمی بەرهەمەکە بەناوی 'Furious 7' لە 2015 بڵاوکرایەوە، بەشی هەشتەمیشی بەناوی 'The Fate of the Furious' لە 2017 بڵاوکرایەوە و بە پڕداهاتترین بەشەکانی ئەم بەرهەمە سینەماییە دەناسرێن و داهاتی هەریەکەیان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
'Fast & Furious' یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکانی سینەمای جیهانە و کۆی داهاتی نۆ بەشی لە سینەماکانی جیهاندا، شەش ملیار و 614 ملیۆن و 439 هەزار دۆلارە، جگە لە داهاتی بەشی دەیەمی کە زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلارە، بەمەش داهاتی لە هەشت ملیار دۆلار نزیکدەبێتەوە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە ئەکشنە، سەرکێشی و پێشبڕکێی نا یاسایی بە ئۆتۆمبێل لە شەقامە گشتییەکاندا لەخۆدەگرێت و تیشک دەخاتە سەر مژاری، دزین، سیخوڕی و خێزان.
 
بەهۆی ئەو پێشوازییە زۆرەی لەم بەرهەمە سینەماییە کراوە، بەرهەمهێنەرانی وەک یاریی ڤیدیۆیی بەرهەمیانهێناوە.
 
ڤێن دیزڵ، لە 18ـی تەممووزی 1967 لە ئەمریکا لەدایکبووە، یەکێک لەو ئەکتەرانەیە کە زۆرترین کرێ بۆ رۆڵگێڕان لە فیلمەکاندا وەردەگرێت، لە رێگەی فیلمی 'Saving Private Ryan' لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگ لە 1998 ناوبانگی پەیداکرد، دواتریش لە رێگەی هەردوو فیلمی 'Boiler Room' و 'Find Me Guilty'.