زنجیرەیەکی بەڵگەیی لەبارەی گرووپی 'BTS' بڵاودەکرێتەوە

23-11-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن 'BTS'
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زنجیرەیەکی بەڵگەیی لەبارەی گرووپی 'BTS'ـی کۆریای باشوور بڵاودەکرێتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر چالاکییەکانی 10 ساڵی رابردووی گرووپەکە.
 
زنجیرەکە لە هەشت بەشدا لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە دیزنی پڵەس بڵاودەکرێتەوە.
 
وەک ئامادەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە، تیزەرێکی 15 خولەکی بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هەر حەوت ئەندامی ئەو گرووپە کەی پۆپە بەشدارن.
 
'BTS' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە و کۆمپانیای 'بیگ هیت میوزیک' سەرپەرشتی دەکات، لە 2013 لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور دامەزرا و لە حەوت ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە: کیم نامجوون (ئاڕ ئێم)، کیم سووکجین (جین)، مین یونگی (شوگە)، جۆنگ هوسووک (جەی هۆپ)، پارک جیمین (جیمین)، کیم تاییۆنگ (ڤی) و جۆن جانگکووک (جەی کەی).
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی 'Cool 4 Skool 2' بڵاوکرایەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings'  لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگێکی جیهانییان بەدەستهێنا.
 
'BTS' یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریا بوو، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی ئەو وڵاتە بوو لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
گرووپەکە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکییە، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە