فێستیڤاڵی گەلاوێژ دوایین رۆژی بەڕێدەکات
رووداو- سلێمانی
رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 کۆتا رۆژی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە لە سڵیمانی و ئەمڕۆ خەڵاتی باشترینەکان دابەشدەکرێن.
لە کاژێر 9:30 خولەک چوارەمین رۆژ کە دەکاتە دوایین رۆژی فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات، دوو پانێڵ هەیە کە پانێڵی یەکەم قسەکردنە لەسەر دەقە ئایینییەکان، پانێڵی دووەمیش لەسەر دەقە شیعری و چیرۆکەکان دەبێت.
لە پانێڵی یەکەم کە قسەکردنە لەسەر مرۆڤ لەنێوان چارەنووس و خواستی ئازادی لەلایەن موعتەزێلییەکانەوە کە لەلایەن غەریب زاهیر غەریبەوە پێشکەش دەکرێت، چەمک و نهێنی عەشق لەلایەن ئیبن عەرەبی کە لەلایەن جەمال حوسێنەوە پێشکەش دەکرێت.
هەروەها زمانی دەق زمانی ئایدۆلۆژیا نەجات ئەسپێندارەیی پێشکەشی دەکات و رەخنەی رەخنە لەلایەن هەرێم عوسمانەوە قسەی لێدەکرێت.
لە پانێڵی دووەم کە پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکرێت قسەکردنە لەسەر دەقە شیعری و چیرۆکییەکان کە یەکەمیان جگەرە دەبێت لە جیهانی شیعری شێرکۆ بێکەسدا و فازڵ شەوڕۆیی قسەی لەسەر دەکات.
ئایدۆلۆژیا و گوتاری چیرۆکی کوردی لەلایەن محەممەد ئەحمەد حوسێنەوە پێشکەش دەکرێت، هەروەها دکتۆر عەبدولخالق یەعقوبی هەڵسەنگاندنی چیرۆکی هەڵبژێردراوەکانی پێشبڕکێی ئەدەبی فێستیڤاڵەکە دەکات.
لە کاژێر 15:00 کە بەشی کۆتایی فێستیڤاڵەکەیە گوتاری کۆتایی تێدا دەخوێندرێتەوە کە لەلایەن مەلا بەختیارەوە پیشکەش دەکرێت، دابەشکردنی خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەم لەلایەن فێستیڤاڵەکەوە دابەش دەکرێت بەسەر دەقە شیعری و چیرۆکییەکان و هەروەها دەقە لێکۆڵینەوەییەکان.
تاوەکو ئێستا دیار نییە کە کێن ئەوانەی خەڵاتەکانی یەکەم و دووەمی بەشەکان دەبەنەوە، بەڵام لە هەواڵەکانی داهاتوو زانیارییە نوێیەکان دەخرێنەڕوو.