رووداو- هەولێر
مەزهەری خالقی هونەرمەندی ناسراوی كورد ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2014، سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان، رایگەیاند، "زۆر گرنگە دەوڵەت پلان و سیاسەتێكی تایبەت بە فەرهەنگی خۆی هەبێت، چونكە ئەمڕۆ لە دونیادا فەرهەنگ بووەتە ناسنامەی میللەتان و پردی پەیوەندی نێوان وڵاتانە بە هەمو كایە جیاوازەكانییانەوە".
بە پێی هەواڵی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، لە بەرامبەردا یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، "بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بە هاوكاری سەرجەم فراكسیۆنەكان و لیژنەی رۆشنبیریی و هونەر، لە خەمی دەركردنی چەند یاسایەكی تایبەتمەندین بە فەرهەنگ و كولتووری كوردی، چونكە پێمان وایە كولتوور لایەنێكی گرنگی كۆمەڵگەیە".
یوسف محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، کە "لە رابردووشدا دوژمنانی نەتەوەكەمان پێش هەموشتێك پەلاماری فەرهەنگ و مێژووەكەیان داوین و هەوڵی وێرانكردنیان داوە".
مەزهەرهەری خالقی، سەرۆكی ئینستیوتی كەلەپوری كورد، ئاماژەی بەوە كرد، كە "وزە و چالاكی لەم خولەی پەرلەماندا دەبینم، گرنگە ئەو چالاكییانە بە گیانی یەك تیمی و نەتەوەییەوە دوور لە دەمارگیریی سیاسی و ئایدۆلۆژی بۆ خزمەتی دۆزی كورد بەكاربهێنرێت."
پاشان سەرۆكی پەرلەمان ستایشی كاریگەریی و رۆڵی مەزهەری خالقی لە هونەری كوردیدا كرد و رایگەیاند، "دەنگ و هونەرەكەی خالقی هەمیشە لە كولتووری میلەتەكەماندا بە زیندوویەتی دەمێنێتەوە".
دواتر سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان، لۆگۆی تایبەتیی پەرلەمانی پێشكەش بە مەزهەری خالقی كرد، لەبەرامبەر ئەو خزمەتانەی بە فەرهەنگ و هونەری كوردی كردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ