دووەمین دیداری فیلمی کوردی لە بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
دووەمین دیداری فیلمی کوردی لە بێرمینگهامی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و فیلمی کۆمێدی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە دەرهێنانی شوان عەتووف، بە ئامادەبوونی بەشێک لە ستافی فیلمەکە پێشاندەدرێت.
دارۆ عەزیز، بەرپرسی دیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دووەمین دیداری فیلمی کوردی لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا لە 25-27ـی تشرینی یەکەمی 2024 لە یەکێک لە بەناوبانگترین سینەماکانی بەریتانیا لە بێرمینگهام بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دیدارەکەدا 10 فیلم بەشدارن، لەوانە چوار فیلمی درێژ و شەش کورتە فیلم. یەکێک لە فیلمەکان بەریتانییە بەناوی "ناوم بنێ لەوەند" کە دەرهێنەر و ستافەکەی بەریتانین و لە دیدارەکە ئامادە دەبن، بەڵام چیرۆکەکەی لەبارەی ماڵباتێکی کوردە و وێنەگرتنی چوار ساڵی خایاندووە.
لەبارەی بەشی فیلمە درێژەکان، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە باشووری کوردستانەوە دوو فیلمی درێژ بەشدارن، ئەویش فیلمی "ئالوودە" لە دەرهێنانی سیروان محەممەد و فیلمی "خۆشویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە دەرهێنانی شوان عەتووف بەشدارن.
گوتیشی، فیلمێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەناوی "هەنارم بۆ دان کردبووی" لە دەرهێنانی جەمیل مەفاخیری، لە دیدارەکەدا بەشدارە.
بەرپرسی دیداری فیلمی کوردی لە بێرمینگهام، لەبارەی فیلمە بەشداربووەکان لە بەشی کورتە فیلمەکاندا گوتی، فیلمێک لە بەریتانیاوە بەشدارە کە دەرهێنەرەکەی لە بەریتانیایە و دوو وێنەگرەکەی لە کوردستان وێنەیان گرتووە. کورتەفیلمێک لە باکووری کوردستان و چوار کورتە فیلمی دیکەش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشدارن.
روونیشیکردەوە، بەشێک لە ئەکتەر و فیلمسازانی کورد لە کوردستان، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە دیدارەکەدا ئامادە دەبن.
دارۆ عەزیز، ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی بلیتی رۆژی یەکەمی دیدارەکە فرۆشراون، ساڵی رابردووش، بە هەمان شێوە پێشوازی لە دیدارەکە کراوە.
فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە باشووری کوردستان بەرهەمهاتووە، لە سیناریۆ و دەرهێنانی شوان عەتووفە، هەریەک لە ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ رۆڵی سەرەکییان تێیدا گێڕاوە، ژمارەیەک ئەکتەری دیکەش لە رۆڵی لاوەکیدا دەردەکەون.
تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە و لە هاوینی 2024 لە سینەماکانی باشووری کوردستان پێشاندرا.
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن؛ بۆ ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلایی بکەنەوە. لەسەر شەقامەکانیش کارەکتەری (حەمە حەیوان) و گرووپەکەی لەگەڵ ئەوەی یاخین لە کۆمەڵگە، بەڵام خەریکی پاراستنی سەگ و پشیلەی سەر شەقامەکانن.
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا" لە ژانری کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە، لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد، ئاوات شەریف، بەرپرسی وێنەگرتنیەتی.
لە دیاسپۆرا، چەندین فێستیڤاڵ و دیداری تایبەت بە فیلمی کوردی سازدەکرێن، دیداری فیلمی کوردی لە بێرمینگهام وەک تاکە دیداری فیلمی کوردی لەسەر ئاستی تەواوی بەریتانیا سازدەکرێت.