سێ هەفتەیە فیلمێکی ترسناک لە ریزبەندی یەکەمی فیلمە پڕداهاتەکانە

23-09-2024
نیشانەکردن "Beetlejuice Beetlejuice"
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتەیە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی ترسناک "Beetlejuice Beetlejuice" لە ریزبەندی یەکەمی لیستی فیلمە پڕداهاتەکانی ئەمریکای باکووردایە.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سێیەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەندا 26 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا.
 
"Beetlejuice Beetlejuice" لە سێیەم هەفتەیدا توانی بەرگری لە پێگەی خۆی بکات و ریزبەندی یەکەم بۆ فیلمی "Transformers: One" چۆڵ نەکات کە داهاتی 25 ملیۆن دۆلارە و لە ریزبەندی دووەمدا هات.
 
"Beetlejuice Beetlejuice" بەرهەمی کۆمپانیای وارنەر برازەرزە و کۆی داهاتی لە ماوەی سێ هەفتەدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، زیاتر لە 226 ملیۆن دۆلارە، داهاتی یەکەم هەفتەی 110 ملیۆن دۆلار و داهاتی هەفتەی دووەمی 51 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بوو.
 
بەم داهاتە زۆرە، ئەم بەرهەمە ترسناکە توانی ببێتە سێیەم باشترین فیلمی ئەمساڵ لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە.
 
ریزبەندی سێیەمی لیستەکە، بە هەمان شێوە بۆ فیلمێکی ترسناک بوو بەناوی "Speak No Evil" داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا پێنج ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە، کۆی داهاتی لە ماوەی دوو هەفتەدا لە سینەماکانی جیهاندا 21 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
لە ریزبەندی چوارەمدا فیلمێکی دیکەی نوێی ترسناک بەناوی "Never Let Go" هاتە نێو پێشبڕکێیەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە.
 
"Deadpool & Wolverine" خاوەنی دووەم پڕداهاتترین فیلمی ئەمساڵە، داهاتی ئەم هەفتەیەی سێ ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە و لە ریزبەندی پێنجەمدا هات، کۆی داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 627 ملیۆن دۆلارە.
 
یەکەم پێشاندانی فیلمی "Beetlejuice Beetlejuice" لە دەرەوەی پێشبڕکێی 81ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا بوو کە چالاکییەکانی لە 28ـی ئابی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 7ـی ئەیلوولی 2024 لە دوورگەی لیدۆ لە ڤێنسی ئیتاڵیا بەردەوام بوو.
 
بەشی یەکەمی "Beetlejuice" لە 1988 بڵاوکرایەوە و داهاتی یەکەم هەفتەی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور هەشت ملیۆن دۆلار بوو، کۆی داهاتی لەو کیشوەرە 74 ملیۆن دۆلار بوو.
 
جیف گۆلدستین، بەرپرسی بەشی بڵاوکردنەوە لە کۆمپانیاکە رایگەیاند، بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە 100 ملیۆن دۆلارە، پێشبینیکرابوو لە یەکەم هەفتەیدا 80 بۆ 90 ملیۆن دۆلار بەدەستبێنێت، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاڵۆوین، داهاتی زیاتر بەدەستبێنێت.
 
فیلمە بەهێزەکانی هۆلیوود کەمتر لە مانگی ئەیلوولدا لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور پێشاندەدرێن، چونکە لەو مانگەدا پشووی هاوین کۆتایی دێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پۆستەری ئەلبوومی نوێی لەیدی گاگا

لەیدی گاگا ئەلبوومێکی تایبەت بە فیلمی 'Joker' بڵاودەکاتەوە

لەیدی گاگا، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، ئەلبوومێکی نوێی گۆرانی بەناوی "Joker" بڵاودەکاتەوە و تایبەتە بە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Harlequin" کە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.