وەزیری خوێندنی باڵا کتێبێک بڵاودەکاتەوە و 'داهاتەکەی دەبەخشێتە تووشبووانی شێرپەنجە'


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان نوێترین کتێبی خۆی بەناوی "خوێندنی باڵا لە سەردەمی کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا" بڵاوکردەوە و دەڵێت، "داهاتەکەی دەبەخشێتە تووشبووانی شێرپەنجە."
 
رۆژی سێشەممە، 23-8-2022 لە هەولێر رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بەڕێوەچوو کە د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا لەماوەی زیاتر لە سێ ساڵی کارکردنیدا نووسیویەتی. 
 
بەشێک لە کتێبەکە تایبەتە بە کارەکانی لە ماوەی رابردوودا و بەشێکیشی پلانی داهاتوویەتی بۆ وەزارەتەکەی. د. ئارام محەممەد بە رووداوی راگەیاند، داهاتی کتێبەکە دەبەخشێتە نەخۆشانی تووشبووی شێرپەنجە لە هەردوو نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی."
 
د. ئارام محەممەد باسی لەوەشکرد، پێش ئەوەی دەستبەکاریش بێت وەکو وەزیری خوێندنی باڵا، کۆمەڵێک بیرۆکە و تێبینیی لەسەر خوێندنی باڵا هەبووە، ئەوەش هەوێنی نووسینی کتێبەکەی بووە. دەشڵێت، "کتێبەکە چیرۆکی دوورودرێژی چاکسازی" لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگێڕێتەوە.