لە نیویۆرک پێشاندانی تایبەتی 'Deadpool & Wolverine' بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

لە نیویۆرکی ئەمریکا، پێشاندانی تایبەتی فیلمی "Deadpool & Wolverine" بەڕێوەچوو و بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، پێشاندانی لە سینەماکانی جیهاندا دەستپێبکات.
 
لەم بەرهەمە سینەماییەدا رایان رێنۆڵدز و هیو جاکمەن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە ئامادەبوون، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی تەمموزی 2024 بەڕێوەچوو.
 
ئەوانەی لە پێشاندانی فیلمەکە ئامادەبوون، بۆچوونی باشیان لەبارەی فیلمەکە هەبووە، بەمەش پێشبینی دەکرێت پێشوازییەکی بەرچاوی لێبکرێت و داهاتی زۆر بەدەستبێنێت.
 
"Deadpool & Wolverine" دەبێتە بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی "Deadpool" و بودجەی بەرهەمهێنانی 165 ملیۆن دۆلارە.
 
بەشی یەکەمی ئەم بەرهەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هەربۆیە بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دیکەی درا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 782 ملیۆن و 836 هەزار دۆلار بوو و بودجەی بەرهەمهێنانی 58 ملیۆن دۆلار بوو.
 
داهاتی بەشی دووەمی "Deadpool" لە سینەماکانی جیهاندا 785 ملیۆن و 896 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، بودجەی بەرهەمهێنانی 110 ملیۆن دۆلارە، واتە حەوت هێندەی بودجەکەی داهاتی بەدەستهێناوە.
 
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمە کۆمێدی و ئەکشنەکانە و باس لە کارکتەری دیدپۆڵ دەکات کە خاوەن هێزێکی لە رادەبەدەرە کە لەگەڵ گرووپەکەی هەوڵ بۆ پاراستنی ژیانی منداڵێک دەدەن.
 
رایان رێنۆڵدز، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری سینەمایی، لە 1991ـەوە وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، لە رێگەی هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی 'Deadpool' ناوبانگی پەدایکردووە و لە فیلمە سەرکەوتووەکانییەتی لە رووی داهاتەوە کە لە 2016 و 2018 بڵاوکرانەوە.
 
هیو جاکمەن، لەبارەی رۆڵی لەم بەرهەمەدا پێشتر رایگەیاندبوو، کارەکتەری وۆلڤرین ئەمجارە توڕەیی زیاتری پێوە دیار و دەبێت و ململانێ لەگەڵ دێدپۆڵ دەبێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دێدپۆڵ و وۆلڤرین دوو کارەکتەری تەواو لە یەکدی جیاوازن و رقیان لە یەکدی دەبێتەوە. گوتیشی: "دێدپۆڵ زۆر بە خێرایی قسە دەکات، بە رادەیەک زۆر حەز دەکەم مشتێکی لێ بدەم، پێموایە لە فیلمەکەدا زیاتر لە جارێک مشتی لێدەدەم".
 
سیناریۆی فیلمەکە بە جۆرێک ئامادە کراوە کە رووداوەکانی بەر لە مردنی کارەکتەری وۆلڤرینە و ئەو ئەکتەرە لەگەڵ کارەکتەری دێدپۆڵ بە یەک دەگەن.