نەسیر شەممە میوزیکی کوردی دەباتە پورتوگال
رووداو- ئاژانسەکان
میوزیکژەنی کوردی فەیلی نەسیر شەممە، کۆنسێرتێکی گەورەی ژەنینی ئامێری عودی لە فێستیڤاڵی ئەستوریل لە وڵاتی پورتوگال سازکرد.
فێستیڤاڵی خولی 41 یەمین ئەستوریل کە ساڵانە لە پورتوگال بەڕێوەدەچێت، بە یەکێک لە مەزنترین فێستیڤاڵی میوزیک لە ئەوروپا دادەنرێت، ئەمساڵ ژەنیاری یەکەمی عود لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەسیر شەممەی خەڵکی خانەقین داوەتکرابوو.
هونەرمەندان و میوزیکژەنان لە هەموو جیهان لەم فێستیڤاڵەدا میوزیکیان دەژەنی، بەڵام نەسیر شەممە تاکە بەشداربووی وڵاتانی عەرەبی بوو بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا بکات، بۆیە وەک نوێنەری میوزیکی عەرەبی لەوێ ناوی هێندرا، بەڵام نەسیر شەممە جگە لەوەی چەند پارچە میوزیکێکی کۆن و نوێی عێراقی ژەنی، میوزیکی رەسەنی کوردیشی لەیادنەکردبوو، لەبەرئەوە چەند میلۆدیەکی کوردیشی پێشکەش بەئامادەبووان کرد.
هەروەها مانگی رابردوو نەسیر شەممە لە جنێف لە سویسرا کۆنسێرتێکی میوزیکی سازکرد و تێیدا هاوکاری بۆ ئاوارەکانی عێراق و کوردستان کۆکردەوە.