لە جەژنی قوربان فیلمی 'تەمی بابا' لە سینەماکانی کوردستان پێشاندەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی 'تەمی بابا' لە دەرهێنانی زانیار فەتاح، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان و رۆژانی دواتر، لە سینەماکانی کوردستان پێشاندەدرێت و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فیلمەکەیە.
 
وەک ئاماەکارییەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە سینەماییە، بەرهەمهێنەرانی، یەکەم ترەیلەری فیلمەکەیان لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکردەوە کە چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی نێو چیرۆک و رووداوەکانی فیلمەکە بەرچاو دەکەون.
 
لە 'تەمی بابا' شەماڵی عەبەرەش، هەڵوێست محەممەد، هەردی سەلامی، شوان کەریم، هەژان هێرش، کاڵێ ئازاد و کاردۆ عەزیز رۆڵ دەگێڕن.
 
ئەم بەرهەمە لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر، لە سیتی سینەما لە سلێمانی، لە سینەما دهۆک مۆڵ لە دهۆک و لە تایم سەنتەر مۆڵ لە کەرکووک پێشاندەدرێت. هەروەها لە سینەماکانی بەغداد پێشاندەدرێت و بەرهەمهێنەرانی لە گفتوگۆدان بۆ بڵاوکردنەوەی لە چەند وڵاتێک.
 
فیلمەکە لە ژانری تاوان، نهێنی ئامێز و دراماییە، دیمەنەکانی لە شوێنی سەخت، سەرنجڕاکێش و کەم بینراودا وێنەگیراوە.
 
فیلمەکە بەرهەمی کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆدەکشنە و باهۆز نەسڕەدین، بەرهەمهێنەریەتی کە پێشتر بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی 'پەیکەری دڵ' بووە.
 
ماوەی فیلمەکە 105 خولەکە و لە تونی بابا، بیارە و ئەشکەوتی جاسنە وێنەگیراوە و بەم زووانە یەکەم ترەیلەری لەرێگەی تۆڕی میدیایی رووداو بڵاودەکرێتەوە.