رووداو – هەولێر
یەكێكە لە بێژەرە دیارەكانی تۆڕی میدیایی رووداو. لە مانگی رەمەزاندا لە پاڵ پێشكەشكردنی هەواڵەكاندا، پرۆگرامێكی تایبەت بە رەمەزان لە پارشێواندا پێشكەش دەكات. هەوار جەلالەدین لەساڵی 1988 لە شاری دهۆك لەدایك بووە. لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لە بواری راگەیاندن كاردەكات و بێژەر و پرۆدیوسەری بەرنامە بووە. دەرچووی بەشی دەروونناسیی كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی دهۆكە. ئێستا لەگەڵ هاوژینەكەی لە تۆڕی میدیایی رووداو كاردەكات. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی ژیانی تایبەتی و كۆمەڵایەتی خۆی دەكات.
ئەوەی پێیگەیشتووم بە پاڵپشتیی هاوژینەكەم بووە
رووداو: لەگەڵ هاوژینەكەت لە رووداو كار دەكەی، ئەو تا چەند هاوكاریت دەكات؟
هەوار: زۆر پشتگیری و هاوكاریم دەكات، دەمەوێت لێرەوە شتێك بڵێم: ئەوەی ئێستا پێیگەیشتووم بەیارمەتی و هاوكاریی ئەو بووە.
رووداو: هاوژینەكەت چۆن ناسی و كەی بوونە هاوژین؟
هەوار: هاوژینەكەم ناوی هۆشیارە، لە رێگەی كاری راگەیاندنەوە لە شاری دهۆك یەكدیمان ناسی. بەر لەوەی ببینە هاوژینی یەكدی، هاوڕێ بووین. لە ساڵی 2013 بووینە هاوژین و ئێستا كچێكمان هەیە بەناوی شانیك. مانگی داهاتوو تەمەنی دەبێتە دوو ساڵ.
زۆر سەرسامم بە هەواڵ خوێندنەوەی سیما
رووداو: تۆ تاكە بێژەری تۆڕی میدیایی رووداویت كە بە حیجابەوە لە شاشە دەردەكەوێت، ئەمەیە تۆی لە بێژەرەكانی دیكە جیاكردووەتەوە؟
هەوار: من یەكەم بێژەری باڵاپۆشم لە رووداو، ئەمەش تایبەتمەندی بە من دەبەخشێت. جگە لەوەش بۆ هەر بێژەرێك رووخسار و دەنگ و باكگراوندی رۆشنبیری زۆر گرنگە.
رووداو: یەكێك لە هەوادارانت لە فەیسبووك، پرسیاری كردووە و دەڵێت بەنیاز نیت لەچكەكەت لاببەیت؟
هەوار: من بە قەناعەتەوە لەچكم كردووە، بۆیە هەرگیز بەنیاز نیم لایبدەم.
رووداو: پارشێوانی مانگی رەمەزان پرۆگرامێكی تایبەتت هەیە لە تەلەڤزیۆن، ئەو بەرنامەیە تایبەتە بە باس و خواسی ئاینی؟
هەوار: بەڵێ، پرۆگرامێك لە پارشێوان پێشكەش دەكەم كە لە چەندین بڕگە و بابەت پێكهاتووە، جگە لە گفتوگۆ لەگەڵ پەیامنێرانی رووداو لە تەواوی كوردستان، گرنگی بە بابەتی ئاینی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی دەدرێت و كەسانی شارەزا و پسپۆڕ میوان دەبن.
هاوژینەكەم بەهۆی كاری راگەیاندنەوە ناسی
رووداو: وێنەكانت هەمیشە لایكی زۆریان بۆ دێت، زۆرینەی كۆمێنتەكانیش پشتگیری و دەستخۆشین بۆ تۆ، خەونی گەورەی تۆ چییە؟
هەوار: خەونی زۆرم هەیە لە ژیان، بەڵام گەورەترین خەونم ئەوەیە بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا بەدەستبهێنم.
رووداو: لە كاروباری ماڵەوە كابانی؟ لە دروستكردنی چ خواردنێك شارەزایی تەواوت هەیە؟
هەوار: من هەموو شتێك نازانم وەك خواردن دروستی بكەم، بەڵام ئەگەر كاتم هەبێت، دەتوانم خواردنی خۆش دروست بكەم.
رووداو: وەرزش دەكەی؟ هاندەری كامە یاریزان و یانە و هەڵبژاردەی؟
هەوار: وەرزش دەكەم، سەیری یاری تۆپی پێش دەكەم، بەتایبەتی ئەگەر كلاسیكۆ بێت، بەڵام زۆرجار بەهۆی كاركردنەوە سەیركردنی یارییەكانم لە دەست دەچێت.
بۆ بێژەر رووخسار و دەنگ زۆر گرنگە
رووداو: بە كام بێژەری رووداو زۆر سەرسامیت؟
هەوار: رووداو بێژەری زۆر بەتوانای هەیە، بەر لەوەی بێمە رووداو و ئێستاش زۆر سەرسامی ئەدا و چۆنیەتی هەواڵ خوێندنەوەی سیما بووم، دلبخوین و شاهۆ و شیفاش سەركەوتووترین بێژەرن لە رووداو.
رووداو: خەونی تۆ لە بواری راگەیاندن چییە؟
هەوار: خەونم تەنیا ئەوەیە خزمەت بە مرۆڤایەتی بكەم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ