ئەیوب عەلی بە جلوبەرگی کوردییەوە لەگەڵ گرووپێکی فلامینگۆی ئیسپانی گۆرانی دەڵێت

23-05-2024
پەسار فایەق
هونەرمەند ئەیوب عەلی لە بەردەم هۆڵی رۆیەڵ کۆنسێرت
هونەرمەند ئەیوب عەلی لە بەردەم هۆڵی رۆیەڵ کۆنسێرت
نیشانەکردن ئەیوب عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئەیوب عەلی، بە جلوبەرگی کوردییەوە، لە کۆنسێرتێکی گرووپی فلامینگۆی ئیسپانی لە سکۆتلەند بەشداربوو و بەرهەمێکی پێشکێشکرد، بەشی کۆتایی بەرهەمەکە لاوەندنەوەیەک بوو بۆ هەولێر و کوردستان.
 
کۆنسێرتەکە، لە هۆڵی رۆیەڵ کۆنسێرت لە شاری گلاسگۆی سکۆتلەند بوو، تێیدا گرووپەکە بە سەرپەرشتی دانیاڵ مارتێنز، هونەرمەندی ئیسپانی، چەند بەرهەمێکیان بە سەمای فلامینگۆ پێشکێشکرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
 
ئەیوب عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گرووپی فلامینگۆی ئیسپانی زیاتر لە 30 کۆنسێرت لە هۆڵە بەناوبانگەکانی شار و شارۆچکەکانی بەریتانیا سازدەکات، ئەویش وەک هونەرمەند لە بەشێک لە کۆنسێرتەکان لەگەڵیاندا بەشدارە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا، بە یەک گۆرانی بەشداربووم بەناوی "کۆردۆبا" کە شارێکە لە ئیسپانیا، ئاوازەکەی ئیسپانییە و تێکستەکەی خۆی ئامادەی کردووە. گوتیشی: لە کۆتایی ئەم بەرهەمەدا لاواندنەوەیەک هەیە و دەڵێت: یارەکەم لە هەولێرە، لە هەولێرە چیبکەم دەنگم پێی ناگات، کوردستانم زۆر شیرینە، شیرینتر لە نوقڵ و نەبات". 
 
ئەیوب عەلی لە 2023 لە کۆنسێرتێکی دیکەی ئەو گرووپە ئیسپانییە لە بەناوبانگترین هۆڵی شاری ئێدنبرەی سکۆتلاند بەشداربوو و بە جلوبەرگی کوردی و زمانی کوردی گۆرانی پێشکێشکرد، هەروەها ئەمساڵ لە شاری کۆڤنتریی ئینگڵتەرا، لە کۆنسێرتێکی دیکەی ئەو گرووپە بەشداربوو.  
 
ئەو هونەرمەندە کوردە کە دانیشتووی بەریتانیایە، لە 2019 لە کەناڵێکی یۆنانی بە جلوبەرگی کوردی، گۆرانی کوردی پێشکێشکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە