محەممەد مەلا ئاراز: یەکەمجار بانگم دا هەستم کرد مزگەوت دەلەرزی و باوکم پێگوتم خۆت بووی دەلەرزی


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد مەلا ئاراز، سروودخوێنێکی گەنجی قەزای چەمچەماڵە، میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی رووداو بوو کە شەوانە لەسەر قەڵای هەولێر پێشکێش دەکرێت و چەند سروودێکی ئایینی پێشکێشکرد.
 
محەممەد مەلا ئاراز (22 ساڵ)، لە میانەی بەرنامەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، باوکی مامۆستا مەلا ئاراز سروودخوێنە و ئەو دەنگ خۆشییەی لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە و لە پێنج ساڵییەوە دەفی ژەنیوە و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە سروودی ئایینی خوێندووە.
 
گوتیشی "سەرەتا حەزم لە بانگبێژی بوو و لەلای باوکم پڕۆڤەم کرد و توانیم بانگ بدەم، لە دوای بانگدان کە گەڕامەوە ماڵەوە، بە ماڵەوەم گوت، ئەم ئێوارەیە بانگێکم داوە، مزگەوتەکە دەلەرزی، باوکم پێکەنی گوتی کوڕم ئەوە خۆت بوو دەلەرزی".
 
روونیشیکردەوە، بەشداری لە پێشبڕکێیەکی بانگبێژیدا لە چەمچەماڵ کردووە و توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت.
 
محەممەد مەلا ئاراز، لە پێشبڕکێی موناجاتی بەرنامەی 'پاشیڤ' بەشداربوو و هەرچەند دەنگێکی خۆشی هەیە، بەڵام نەیتوانی بۆ قۆناخی کۆتایی سەرکەوێت و لە پێنج بەشداربووی هەفتەی رابردوو پلەی دووەمی بەدەستهێنا کە خەڵک لەرێگەی کۆمێنتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگ دەدەن.
 
دواتر محەممەد مەلا ئاراز، چەند سروودێکی ئایینی بە دەف ژەنینی هەردوو هونەرمەندان رێبوار عەبدوڵڵا و رێوان رەشاد پێشکێشکرد.
 
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 13:00-15:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.