رووداو دیجیتاڵ
پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمساڵیش لە بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی تۆڕی میدیایی رووداو بەشدارە کە بە درێژایی مانگی رمەزان پێشکێش دەکرێت، لە یەکەم ئەڵقەی بەرنامەکەدا، عەزیزی نوێترین بەرهەمی بۆ یەکەمجار پێشکێشکرد کە تایبەت بە مانگی رەمەزانە.
سروودەکە لە تێکستی وەفایی، شاعیری ناسراوی کوردە و لەگەڵ گرووپی میوزیکی لووڕ پێشکێشکرا کە ئەمساڵ ئەوانیش بە درێژایی مانگی رەمەزان لە 'پاشیڤ' بەشدار دەبن.
هەر لە چوارچێوەی بەرنامەی 'پاشیڤ' پەیام عەزیزی، بەناوبانگترین سروودی ئاینی خۆی پێشکێشکرد، ئەویش سروودی 'یارەسوڵەڵڵا'یە؛ جگە لە کوردستان، ناوبانگییەکی جیهانی هەیە، بەتایبەت لە دوای ئەوەی سامی یوسف، هونەرمەندی ئازەربێجانی ئەو سروودەی دووبارە گوتەوە.
پەیام عەزیزی لە ماوەی ئەم مانگەدا، سروودەکانی 'ئەڵڵا مەدەد'، 'یا رەسووڵەڵڵا یا شای مەدینە'، 'لەبەیک'، 'موسوڵمانان'، 'محەممەد رەسووڵەڵڵا'، 'حەبیبی یا رەسووڵەڵڵا'، 'دەردی هیجران'، 'تەلەعە ئەلبەدر و عەلەینا'، 'ئەی پەنای عاسیان'، 'ئەڵڵا ئەڵڵا یا ئەڵڵا'، 'یا فەردی ئەعزەم'، 'بێ وەفا'، 'سوڵتان ئەڵڵا'، 'حەبیبم ئەڵڵا' و چەندین بەرهەمی دیکە پێشکیش دەکات.
پەیام عەزیزی لە 16ـی نیسانی 1974 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێک پەروەردە بووە کە گرنگیان بە میوزیکی عیرفانی و تەسەوف داوە، بەر لەوەی ببێتە سروودخوێنی ئایینی، قورئانخوێن بووە، لە 1994 لە پێشبڕکێیەکی قورئانخوێندندا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
خاوەنی هەشت ئەلبوومی سروودی ئاینییە، یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'باقدسيان' لە ئاوازەکانی محەممەد جەلیل عەندەلیبی بڵاوکردەوە، جگە لە بڵاوبوونەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم بەرهەمە لە ئیمارات، عەمان، سودان و ئەوروپاش بڵاوکراوەتەوە.
ئەو سروودبێژە کوردە پەیوەندی لەگەڵ هونەرمەند سامی یوسف، هونەرمەندی ئازەری هەیە و دوو سروودی عەزیزی گوتووەتەوە، ئەویش سروودی 'یا رەسوڵەڵڵا یا شای مەدینە' بە زمانی کوردی و سروودی 'ئەلموسلمین' بە زمانی فارسی.
عەزیزی، لە 2016 کاری لەگەڵ هونەرمەندان رەزا سادقی، سەعید شەهروز، محەممەد عەلیزادە، مەهدی یارحی و مورتەزا پاشایی کاری کردووە، هەروەها لەگەڵ ئاوازدانەر و موچتەبا میرزادە ژەنیاری کورد و گرووپی میوزیکی کامکاران کاری کردووە.
لە 2016 کۆنسێرتێکی سروودخوێندنی لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان سازکرد و ئامانج لێی کۆکردنەوەی هاوکاری بوو بۆ منداڵە بێ دایک و باوکەکان، لە 2017 سەردانی رووسیای کردووە و چەند چالاکییەکی هونەریی ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ