ئۆپنهایمەر بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر دەکرێت و باربی چوارەمە
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی ئۆپنهایمەر کە باسی چیرۆک و ژیانی دروستکاری بۆمبی ئەتۆم "رۆبەرت ئۆپنهایمەر" دەکات، بۆ 13 خەڵاتی جیاوازی ئۆسکار بەربژێر کرا، لەنێویشیان خەڵاتی باشترین دیمەن، باشترین دەرهێنەر و ئەکتەری ساڵ.
لیژنەی دەستنیشانکردنی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی ئۆسکار، رۆژی چوارشەممە ناوی فیلمە بەربژێرەکانی ساڵیان راگەیاند.
فیلمی کۆمیدی و فانتەسیی "Poor Things"، بۆ 11 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر کرا.
نوێترین فیلمی دەرهێنەری بەنێوبانگی ئەمریکی مارتن سکۆرسێزی، کە رۆبەرت دینیرۆ و لیناردیۆ دیکاپریۆ، رۆڵی تێدا دەگێڕێن و ناوی فیلمەکە ""Killers of the Flower Moonـە، یەکێکی دیکە لەو فیلمانە بوو کە بۆ 10 خەڵاتی جۆراوجۆری ئۆسکار بەربژێر کرا.
ئەوە جێگەی سەرنج بوو، فیلمی باربی کە داهاتەکەی گەیشتە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار لە سەرانسەری جیهاندا، تەنیا بۆ هەشت خەڵات بەربژێر کرا، بەڵام بۆ باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر بەربژێر نەکراوە.
ئۆپنهایمەر کە لەهەمان رۆژی باربی کە 19ی تەممووزی 2023 بوو، لە شاشەی سینەماکانی ئەمریکا بۆ یەکەم جار نمایش کرا و یەک ملیار دۆلار داهاتەکەی بوو، بۆ خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و باشترین ئەکتەر و باشترین ئەکتەری یاریدەدەر بەربژێر کراوە.
بڕیارە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لە رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، خەڵاتەکانی ئۆسکار لە شاری لۆسئەنجلسی ئەمریکا دابەش بکرێن.
ئەم ساڵ 96مین ساڵی بەڕێوەچوونی خەڵاتی ئۆسکارە.
سوپرایزێکی دیکە بۆ هەوادارانی فیلم ئەوە بوو، سەرەڕای ئەوەی بۆ 10 جۆر خەڵاتی جیاوازی ئۆسکار بەربژێر کرابوو، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکا، لیۆناردۆ دیکاپریۆ بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەر، بەربژێر نەکرا.
لەگەڵ ئەوەش، ئەم ساڵ، سێ دەرهێنەری ژن بەربژێرکراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار کە ئەمەش یەکەم جارە دەرهێنەری ژن بەو شێوەیە فیلمەکانیان بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار بەربژێر بکرێن.
هەروەها ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی، برادلی کوپەر، بۆ سێ خەڵاتی جیاوازی ئۆسکار بەربژێر کرا و یەکێک وەکو ئەکتەر و یەکێکی دیکە وەکو پرۆدیوسەر و یەکێکیش بۆ نووسینی دەقی فیلمی "مایسترۆ"، کە باس لە ژیانی ئاوازدانەری ناسراوی ئەمریکی، لیۆنارد بێرنستاین دەکات.
بۆ خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی، پێنج فیلمی بیانی بەربژێر کران. یەکێک لەوانە فیلمی "Io capitano" کە فیلمێکی ئیتاڵییە و باس لە چیرۆکی دوو سەنیگالی دەکات چۆن لە وڵاتەکەیانەوە دەیانەوێت لە رێگەی دەریاوە خۆیان بگەیێننە ئەوروپا.
هەروەها لە کێبڕکێی کۆمپانیاکانی ستریمی نمایشکردنی فیلم و زنجیرە دراماییەکان، نێتفلێکس جارێکی دیکە توانی بەسەر ئەپڵدا سەربکەوێت، ئەمەش لەدوای ئەوەی 18 لە بەرهەمەکانی بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر کران. بەرهەمەکانی ئەپڵ تیڤیش بۆ 13 خەڵات.