لە ئەڵمانیا رۆمانێکی بەختیار عەلی دەکرێتە بەرهەمێکی شانۆیی
رووداو دیجیتاڵ
'داگیرکردنی تاریکی' رۆمانێکی بەختیار عەلی، رۆماننووسی کوردە و ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆیی کورد، وەک بەرهەمێکی شانۆیی بەرهەمی دێنێت و بڕیارە لە 17ـی شوباتی 2023 لە شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا نمایش بکرێت.
چیرۆکی بەرهەمە شانۆییەکە لە رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی'ـی بەختیار عەلی، رۆماننووسی کورد وەرگیراوە و کەڤاڵ سدقی تێکستەکەی بۆ شانۆ ئامادە کردووە و بەرهەمی ماڵی شانۆیی ئەڵمانییە.
ئیحسان عوسمان، بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند، ئەو خوێنەری بەرهەمەکانی بەختیار عەلییە، بەتایبەت رۆمانەکانی و کاتێک رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی'ـی خوێندەوە زۆر کاریگەر لەسەر ئەو دروستکردووە، بۆیە بڕیاریدا وەک بەرهەمێکی شانۆیی بەرهەمی بێنێت.
لەبارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەبارەی قەدەخەکردنی زمانی کوردییە، قەدەخەکردن وشەیەکی کەمە بۆ دەربڕین، بەڵکو ویستیان لە رێگەی قەدەخەکردنی زمان، کولتوورێک لە نێو ببەن و ئەو هەوڵە لە 1923 لە تورکیا دەستیپێکرد. گوتیشی: "بە دەرفەتم زانی ئەو مێژووە رەشە لەسەر گەورەترین تەختی شانۆی ئەوروپا پێشکێش بکەم".
ماوەی هەفتەیەکە پڕۆڤەکردن بۆ شانۆگەرییەکە دەستیپێکردووە، تێیدا 13 ئەکتەری شانۆیی کورد و ئەڵمانی بەشدارن و ستافێکی نێودەوڵەتی کارە هونەرییەکانی دەکات.
کەڤاڵ سدقی، خەڵکی باشووری کوردستانە، شانۆکار و مامۆستای زانکۆیە، لەم بەرهەمەدا وەک ئەکتەر بەشدارە و دەقی رۆمانەکەی بۆ بەرهەمە شانۆییەکە ئامادەکردووە.
کەڤاڵ سدقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 2022 پێشنیازی ئەوە کرا رۆمانەکە بکرێتە دەقێکی شانۆیی و ئێحسان عوسمان، وەک دەرهێنەرێکی ناسراو لە شانۆی ئەڵمانیادا توانی لە یەکەم دیداردا رای ئەرێنی ماڵی شانۆی نەتەوەیی ئەڵمانی بۆ پڕۆژەکە بەدەستبێنێت.
گوتیشی: "پرسێک کە بۆ من لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە شانۆییەدا گرنگە، چۆن بتوانین لە ئێوارەیەکی شانۆییدا، دیوی دیکەی شاراوە و مەترسیداری جینۆسایدی گەلەی کورد بە جیهان بناسێنین".
رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی' گەشتێکە بە مێژووی تورکیا و کورد و ململانێ سیاسییەکانی تورکیا لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
فەرهاد کەسکین، ئەکتەری باکووری کوردستان، لەم بەرهەمەدا رۆڵ دەگێڕێت و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم بەرهەمەدا رۆڵی کارەکتەری عیسمەت ئۆکتای دەگێڕێت کە نەژادپەرستێکی تورکە، کاتێک لە خەو هەڵدەستێ؛ زمانە تورکییەکەی نەماوە بە زمانێکی دیکە قسە دەکات کە نە خۆی و نە ماڵباتەکەی نازانن چ زمانێکە، دواتر دەردەکەوێت زمانی کوردییە و بەهۆیەوە زیندانی دەکرێت، بەڵام عیسمەت ناتوانێت بیسەلمێنێت کە ئەو تورکە. گوتیشی، رۆڵی کارەکتەری عیسمەت ئۆکتای "رۆڵێکی زۆر خۆشە بۆ من".
بەختیار عەلی، لە 1960 لە سلێمانی لە دایکبووە، رۆماننووس، شاعیر و رۆشنبیری کوردە، لە 1994 کوردستانی جێهێشتووە و رووی لە ئەوروپا کردووە، یەکەم رۆمانی بەناوی 'مەرگی تاقانەی دووەم' لە 1997 بڵاوکردووەتەوە.
'ئێوارە پەروانە'، 'دواهەمین هەناری دونیا'، 'شاری مۆسیقارە سپییەکان'، 'غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ'، ' کۆشکی باڵندە غەمگینەکان' و 'هەورەکانی دانیال' لە رۆمانە دیارەکانی ئەو رۆماننووسە کوردەن.