گوڵستان پەروەر: هێشتا منداڵ بووم كە بووم بە دایك

بەشی حەوتەم
رووداو - هەولێر

خانمە هونەرمەندی ناوداری كورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێكی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشكەشكاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو كچە كوردی باكووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێش دەكەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بكەینەوە. گوڵستان لەم بەشەی هەڤپەیڤینەكەدا، باسی دووگیانبوونی بە "سەرخۆبوون"، چوونیان بۆ بەیروت و شەڕی ناوخۆی لوبنان دەكات.

رووداو: سەرخۆبوون دێتە ژیانی ئێوە، لەگەڵ مامۆستا شڤان پلانتان دانابوو منداڵتان ببێ‌؟ 

گوڵستان: نەخێر بێ‌ پلان بوو. چوومە لای پزیشك گوتی دووگیانی. 

رووداو: بۆچی نەتاندەویست منداڵتان ببێ‌؟

گوڵستان: ژیانمان زۆر زەحمەت بوو، بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە. ساڵێك بوو گەیشتبوومە ئەڵمانیا، زۆر سەرقاڵ بووین، ژیانمان هەمووی لەنێو ئۆتۆمبێل بوو. ئێمە ئۆتۆمبێلێكمان هەبوو هەر رۆژەی لە شارێك بووین. هەر چالاكییەك هەبووایە، هەم ئامادەكاریمان دەكرد و هەمیش بەشداریمان دەكرد. گرووپێكمان دروست كرد لە 35 كەس پێكدەهات، بەرپرسیارێتی ئەو گرووپە لە ئەستۆی ئێمە بوو.

رووداو: ئەی لەنێوخۆتان قەت باسی ئەوەتان نەدەكرد كە منداڵتان ببێ‌؟

گوڵستان: نەخێر، ئێمە دەمانخواست ژیانێكی نوێ‌ بئافرێنین، ئەو ژیانە نوێیەش لە رووی ئایدیۆلۆژیكەوە ئەوەیە هەموو شتی ئێمە بۆ كوردستان بێت، ئێمە خێزان پێكناهێنین، ئێمە ژیانێكی خۆش ناژین، ئێمە هەموو وزەی خۆمان لە خزمەتی ئەو خەباتە بەكاردێنین. ئەوكات لەنێو شۆڕشگێڕان دروستكردنی خێزان دواكەوتوویی بوو. 

رووداو: بەڵام تۆ وەك ئافرەتێك حەزت نەدەكرد ببیتە دایك؟

گوڵستان: كچ لەلای ئێمە تەمەنی گەورە دەكرا بۆ ئەوەی زوو بەشوو بدرێ‌، منیش دوو ساڵ تەمەنم گەورە كرابوو، لە ناسنامە 18 ساڵ بووم، بەڵام بەڕاستی 16 ساڵ بووم. كە سەرخۆبوون لەدایكبوو 17 ساڵان بووم. من بۆ خۆم منداڵ بووم. لەنێو ئەو خەباتەدا مرۆڤ بیر لەوە ناكاتەوە ببێتە دایك، شتی گرنگتر لە دایكایەتی هەبوو. بەرپرسیارێتی گەورە لەسەرشانم بوو، من تینووی ئەفراندن بووم. ئەمەش شتێكی سەیر بوو. ئێستا بیر لەوە دەكەمەوە، ئەو ئاگرە چی بوو لە دڵی ئێمەدا. 

رووداو: كاتێك پزیشك پێیگوتی دووگیانی، كاردانەوەت چی بوو؟

گوڵستان: پزیشكەكە كوردێكی باكوور بوو، كە وای پێگوتم من لە شوێنی خۆم وەستام. شۆك بووم. پێش سەرخۆبوون دووگیان بووم، شڤان گوتی لەباری ببە، لەبارم برد، دەترسام بڵێت ئەوەش لەبار ببە. سەیری ژیانی خۆشم دەكرد، ژیانم یارمەتیدەر نەبوو بۆ دروستكردنی منداڵ.

رووداو: چۆن بە شڤانت گوت؟

گوڵستان: بیرم نایەت چۆن پێمگوت، دوای ماوەیەك هەستم كرد دووگیانم، بۆ كۆنسێرتێك لە بەرلین بووین، لەوێ‌ داوامان لێكرا بچینە لوبنان بۆ كۆنسێرت. گوتم باشە بەڵام من دووگیانم، چووین بۆ بەیروت، نزیكەی سێ‌ هەفتە مامەوە. هەڤاڵانی دەوروبەرم زانییان دووگیانم، بۆ ئەوان ناخۆش بوو. گوتیان زووە، خەبات پێویستترە، گوتیان منداڵەكە لەبار ببە، بەڵام شڤان رازی نەبوو. 

رووداو: ئەوكات لە لوبنان شەڕی ناوخۆ هەبوو، ئێوە نەدەترسان؟

گوڵستان: ئێمە ئەوكات روحیەتێكی بەرزی شۆڕشگێڕیمان هەبوو، هەر شتێكیان داوا لێكردباین دەبووایە بیكەین. ئەوە نەبوو بڵێی نەخۆشم، ناتوانم، ئەگەر نەتكردبا ئەوە بە چاوێكی كەم سەیریان دەكردی. ئیدی هەر كارێكیان پێسپاردبام دەمكرد.

رووداو: تێكەڵ بە كوردی لوبنان بوون؟

گوڵستان: بەڵێ‌، بۆ من وەكو سورپرایز بوو، من نەمدەزانی ئەوەندە كورد لە لوبنان هەن. ئەوكات نزیكەی 150 – 200 هەزار كورد لەوێ‌ هەبوون. زۆربەشیان لە مێردینەوە چوون بۆ ئەوێ‌. هەندێكیان لەبەر سەربازی و هەندێكیشیان بەهۆی هەژاری روویان لەوێ‌ كردبوو. ئێمە لەوێ‌ كۆنسێرتێكی گەورەمان كرد.

رووداو: لە بەیروت چەند كۆنسێرتتان كرد؟

گوڵستان: شڤان لەگەڵ ئۆجەلان چوو بۆ كەمپی فەلەستینیان و لەوێ‌ كۆنسێرتێكی ساز كرد، بەڵام من نەچووم، لەبەر ئەوەی هیچ ژنێكی لێنەبوو. شڤان كە گەڕایەوە گوتی گولێ‌ نیوەی سەربازەكانی كەمپی فەلەستینیان سووری بوون. كە من بە كوردی گۆرانیم گوت، هەموویان هاتنە لام و گوتیان ئێمە كوردین. گوتم بۆچی بە كوردی قسە ناكەن. ئەوان گوتیان ئەگەر بزانن كوردین بە چاوێكی كەم سەیرمان دەكەن و پێماندەڵێن ئەكراد.

هەرچەندە ئەوكات شەڕ بوو، بەڵام ئێمە لە سەنتەری بەیروت كۆنسێرتمان كرد، نزیكەی 1000 كەس هاتنە كۆنسێرتەكە. دەلیل دۆغان و هۆزان سەفكان، من و شڤان گۆرانیمان گوت. دوای كۆنسێرتەكە كە خەڵك زانی ئێمە لە بەیروتین، ئیدی كۆبوونەوە دەستیان پێكرد، خەڵك دەیانگوت شڤان و گوڵستان حیزبێكیان دروستكردووە.

رووداو: لە نزیكەوە شەڕی لوبنانتان بینی؟

گوڵستان: بەڵێ، ئێمە لە خانوویەك دەماینەوە لەسەر دەریا، نزیكەی سێ‌ مانگ لە لوبنان ماینەوە. رۆژێكیان ژنێكی كورد هات و مەنجەڵێك دۆڵمەی بۆ هێناین، گوتی ئەمشەو لەم گەڕەكە شەڕ روودەدات، تكایە دەرگا و پەنجەرە بگرن و رووناكی بكوژێننەوە. ئێمە بە قسەی ژنەكەمان كرد، هەر كە شەو داهات، ئیدی شەڕ دەستیپێكرد، نزیكەی سەعات 12ی شەو چەكدارەكان هاتە نێو خانووەكەی تەنیشتمان، گرووپەكەی دیكە تەقەیان لێدەكردن و گوللە تۆپێك بەر خانووەكەمان كەوت، ئەوان تاوەكو بەیانی شەڕیان كرد، دوایی دونیا بێدەنگ بوو، منیش چووم لە پەنجەرەوە تەماشای دەرەوە بكەم بزانم چی روویداوە، بینیم ئەو دەوروبەرە هەمووی تەرم بوو. دواتر هاتن تەرمەكانیان بردەوە، رەوشەكە ئاسایی بووەوە، وەكو ئەوەی هیچ رووینەدابێ‌.

رووداو: ئەوكاتەی ئێوە لەوێ‌ بوون، پەكەكەش لە لوبنان بوو، ئەوان لەوێ‌ سەرقاڵی چی بوون؟

گوڵستان: ژمارەیەك گرووپی باكوور وەكو رزگاری، دەدەكادە، ئاڵای رزگاری، پەسەكە، دەنگی كاوە، كۆكجی هەموو لەوێ بوون. چونكە لە توركیا رۆژانە تەنیا لە زانكۆكان 100 كەس دەكوژران، بۆیە زۆربەیان روویان لە لوبنان كردبوو.