دۆنیز ڤیلینۆڤ: بە زووترین کات کار بۆ 'Dune 3' دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری کەنەدی رایگەیاند، بە زووترین کات کاری دەرهێنان بۆ بەشی سێیەمی زنجیرە فیلمی "Dune" دەکات کە دوایین بەشی فیلمەکە دەبێت و بەناوی "Dune: Messiah"یە.
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە 2026 بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەستپێدەکات و ئێستا سەرقاڵی نووسینە بۆ ئەو بەشە.
روونیشیکردەوە، دڵخۆش دەبێت بەسەرکەوتنی بەشی سێیەمی فیلمەکە، دواتر ئەو ئەرکە بە دەرهێنەرێکی دیکە رادەسپێردرێت بۆ ئەوەی درێژەی بە چیرۆکەکە بدات.
بەم دواییە دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری زنجیرە فیلمی "Dune" رایگەیاند، بەشێک لە گرتەکانی بەشی دووەمی فیلمەکە، یەک هەفتەیان خایاندووە، وێنەگرتنی یەکێک لە دیمەنەکانیشی لە 44 رۆژدا بووە.
ڤیلینۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەکردە: "هەندێ جار بۆ یەک گرتە، پێویستیم بە یەک هەفتە وێنەگرتنی بەردەوام بووە، ئەگەر خۆم ئەم کارەم بکردبا، تاوەکو ئێستا لە وێنەگرتن بەردەوام دەبووم".
ئەو دەرهێنەرە سینەماییە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لەندەن، لەبارەی کرمە لمییە داستانییەکەی نێو فیلمەکە گوتی، وێنەگرتنی ئەو دیمەنە 44 رۆژی خایاندووە، تەنانەت تیمێکی تایبەتی هەبووە و بەناوی "یەکەی کرمەکە" بوو.
روونیشیکردەوە، هەر گرتەیەکی فیلمەکە نیو رۆژی خایاندووە، هەندێ جاریش یەک رۆژ و یەک هەفتەی خایاندووە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزی گرتەکانەوە بوو.
داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە 714 ملیۆن و 444 هەزار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 282 ملیۆن و 144 هەزار دۆلارە، داهاتی لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا 432 ملیۆن و 300 هەزار دۆلارە. لە یەکەم هەفتەی پێشاندانی لە سینەماکانی ئەمریکا و کەنەدا 81 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بوو.
دوای سەرکەوتنی دوو بەشی زنجیرە فیلمی "Dune"، بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی سێیەم دراوە و دۆنیز ڤیلینۆڤ، دەرهێنەری کەنەدی، وەک دەرهێنەری بەشی نوێ دیاریکراوە کە دەرهێنەری هەردوو بەشی پێشووە.
بەم دواییە بەرهەمهێنەرانی زنجیرە فیلمەکە، بەرهەمهێنانی بەشی سێیەمی فیلمەکەیان راگەیاند، بەڵام وادەی وێنەگرتنی ئاشکرا نەکرابوو.
ڤیلینۆڤ، پێشتر رایگەیاندبوو، بەشی سێیەمی فیلمەکە، دوایین فیلمی ئەو دەبێت بۆ ئەو وەک دەرهێنەر و بەنیاز نییە لە کارکردن لەو زنجیرە فیلمەدا بەردەوام بێت.
لە بەشی دووەمی فیلمەکەدا تیمۆسی چەلامێت، ئەکتەری ئەمریکی – فەرەنسی و زندێیا، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، مژاری سەرەکی ئەم بەشە تۆڵەسەندنەوەیە.
بەشی یەکەمی فیلمەکە، لە 2021 بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 433 ملیۆن دۆلار بوو و توانی شەش خەڵاتی ئۆسکار بەدەستبێنێت.
بڕیاربوو بەشی دووەمی فیلمەکە لە 2023 بڵاوبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و نووسەرانی لە هۆلیوود، کاریگەری خستە سەر بەڕێوەچوونی کارەکانی و بەهۆیەوە بۆ 2024 دواخرا.
فیلمەکە بە تەکنیکی ئایماکس وێنەگیراوە و بودجەی بەرهەمهێنانی 190 ملیۆن دۆلارە، بەپێی هەڵسەنگاندنی بینەران بۆ فیلمەکە لە ماڵپەڕی ئای ئێم دی بی، توانی لە کۆی 10 خاڵ، نۆ خاڵ بەدەستبێنێت.
لە 6ـی شوباتی 2024 پێشاندانی تایبەتی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە مەکسیک بەڕێوەچوو، بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەی پێشاندانەکە بوون، بەتایبەتیش چەلامێت.
بەشی دووەمی ئەم بەرهەمە لە جۆری بەرهەمە ئەکشن و دراماییەکانە و ماوەکەی دوو کاژێر 46 خولەکە.
لە 2023 بەرهەمهێنەرانی بەشی دووەمی فیلمی "Dune" بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەیان بۆ 2024 دواخست، ئەمەش بەهۆی مانگرتنی ئەکتەر و سیناریۆنووسانی هۆلیوود کە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان بە نا دادپەروەری لە کرێی کارکردن تۆمەتبار دەکرد و لە دژی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد بوون.