لە ریاز دووەمین هەفتە نمایشی جلوبەرگ بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

لە ریازی سعودیە، دووەمین هەفتە نمایشی جلوبەرگی ژنان و پیاوان بەڕێوەچوو و 37 دیزاینەری سەرتاسەری ئەو وڵاتە بەشداربوون. 
 
لە هەفتە نمایشەکەدا جلوبەرگی گرانبەها، جلوبەرگی ئامادەکراو و جلوبەرگی شەقام، لەلایەن نمایشکارانی جلوبەرگەوە نمایشکران.
 
بوراک جاکماک، بەرپرسی جێبەجێکاری دەستەی جلوبەرگی سعودیە، رایگەیاند، تێڕوانینێکی قوڵ لە پشت هەفتە نمایشی جلوبەرگی ریاز هەیە. گوتیشی، دەستەکەیان کار بۆ زنجیرە چالاکییەکی تایبەت بە جیهانی فاشن دەکات، هەفتە نمایشەکە؛ بەشێکە لەو روانگەیە.
 
روونیشیکردەوە، سەرەتا پاڵپشتی براندە بازرگانییەکانیان کردووە، زیاتر لە هەزار داوکاری پێشکێشکرابوو، بەڵام ئەوان تەنیا سەت دانەیان بۆ بەرنامەکەیان هەڵبژارد. 
 
رەزان عەزونی، یەکێک لە دیزاینەرە سعودیە بەشداربووەکانە لە هەفتە نمایشەکەدا، گەشبینی خۆی بۆ ئایندەی فاشن لە وڵاتەکەیدا خستەڕوو.
 
روونیشیکردەوە: "بێگومان لەو بڕوایەدام ریاز یەکێک لە پایتەختەکانی فاشن دەبێت لە جیهاندا. خەڵک لێرە زۆر بەهرەمەندن، ئەمەش سەرسوڕهێنەرە".
 
نور عەریزە، نمایشکاری جلوبەرگی لوبنانی – ئەمریکی، لە هەفتە نمایشەکەدا ئامادەبوو و گوتی: "من لوبنانیم و دڵم ئازاری هەیە بۆ هەموو ئەوەی لە وڵاتەکەم روودەدات، بەڵام دەبینین ئێمە تاوەکو ئێستا خاوەن دەرفەتێکین بۆ خستنەڕووی ئەو بەهرانەی لەو ناوچەیە سەریانهەڵداوە، ئەمەش چێژبەخشە".
 
هەفتە نمایشەکە لە 18 – 21ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، لە پاڵ دیزاینە مۆدێرنەکان، دیزاینی جلوبەرگی عەرەبی تایبەت بەو وڵاتە خرانەڕوو.
 
جۆرجینا رۆدریگێز، مۆدێلی ئیسپانی کە لە سعودیە ژیان بەسەردەبات، لە هەفتە نمایشەکەدا ئامادەبوو.