گوڵشیفتە فەراهانی خۆی فێری کوردی دەکات

22-10-2018
لیزا محەممەد
نیشانەکردن گوڵشیفتە فەراهانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

بەهزاد فەراهانی، باوکی خانمە هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی گوڵشیفتە فەراهانی دەڵێت کچەکەی بەجۆرێک هۆگری کورد بووە کە ئێستا خەریکە بە باشی خۆی فێری زمانی کوردی دەکات.

گوڵشیفتە لە فیلمی (کچانی خۆر) کە فیلمێکە لەبارەی خۆڕاگریی ژنانی شەڕڤانی کورد لە کۆبانێ و کاری ژنە دەرهێنەری فەرەنسی ئیڤا ئوسۆن بوو، رۆڵی کچە شەڕڤانێکی فەرماندە دەبینێ. 

ئەو فیلمە لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی کە هەفتەی رابردوو کۆتایی هات، بووە فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە، بەڵام گوڵشیفتە نەیتوانی ئامادەی فێستیڤاڵە بێت و لەجێی ئەو ئەکتەر و دەرهێنەری سینەمایی بەهزاد فەراهانی، باوکی گوڵشیفتە لەوێ ئامادە بوو.

بەهزاد لەبارەی فیلمی کچانی خۆر هیوای خواست کە کاتێک بینەر ئەو فیلمە دەبینن "لەبیری نەکەن ئەم فیلمە کاتێک بەرهەم هێنرا کە کۆبانی  دەلەرزی، هێشتا مەترسی لەسەر بوو، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی کۆتایی نەهاتبوو"، بۆیە دەڵێت ئاساییە کە فیلمەکە زیادەڕۆیی و دروشمی زۆری تێدا بێت، بەڵام وەک ئەو گوتی، هەموو ئەو شتانە لەڕاستیدا روویانداوە و بەشێکن لە مێژووی ئەم گەلە.

بەهزاد فەراهانی هەر لە درێژەی ئەو قسانەدا بۆ (رووداو) باسی هاوسۆزیی خۆی و بنەماڵەکەی کرد لەگەڵ دۆزی کورد و گوتی: "خۆشەویستیی بنماڵەی من بۆ کوردستان زۆر تایبەتە، من لە بەرهەمە هونەرییەکانم سێ چوار بەرهەمیان تایبەتن بە کوردستان. ئەو خۆشەویستییە بۆ کوردستان لە بنەماڵەی ئێمەدا ریشەدارە و گەیشتووەتە منداڵەکانیشم. ئەوان ئێستا عاشقی کوردستان و گەلی کوردن. حەزیان لە ئەدەبیاتی کوردییە، بەتایبەتی گوڵشیفتە هەنگاوی زۆر باشی ناوە. گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە فێری زمانی کوردی دەبێت".

ئەو گوتی کە گوڵشیفتە "بەداخەوە نەیتوانی ئامادەبێت، زۆر حەزی دەکرد بەشدار بێت لەم فێستیڤاڵە".





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە