مادۆنا بە تارایەکی رەشەوە لە نمایشی جلوبەرگی دۆڵچێ ئاند گەببانا ئامادەبوو

 
رووداو دیجیتاڵ

ئامادەبوونی مادۆنا، هونەرمەندی پۆپی ئەمریکی لە نمایشی تایبەتی براندی دۆڵچێ ئاند گەببانا، باس و خواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، هۆکارەکەش ئەو تارا رەشە درێژەی بوو کە پۆشیبووی.
 
نوێترین کۆمەڵە دیزاینی براندی دۆڵچێ ئاند گەببانا، رۆژی شەممە 21ـی ئەیلوولی 2024 لە چوارچێوەی هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان لە ئیتاڵیا نمایشکرا.
 
یەکەمجارە مادۆنا لە نمایشێکی دۆڵچێ ئاند گەببانا لە هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان ئامادە دەبێت، بەڵام هاوڕێیەتی مادۆنا لەگەڵ دۆمێنیکۆ دۆڵچێ و ستیڤانۆ گەببانا، هەردوو دیزاینەری ئیتاڵی بۆ 1991 دەگەڕێتەوە.
 
دوای نمایشی کۆلێکشنەکە، هەردوو دیزاینەر دۆڵچێ و گەببانا، چوونە لای مادۆنا و لە باوەشیان گرت.
 
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لە 17ـی ئەیلوولی 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو 23ـی ئەیلوول لە شاری میلانی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت و تایبەتە بە جلوبەرگی ژنان بۆ بەهار و هاوینی 2025.
 
میلان، پاریس، لەندەن و نیویۆرک، لە هەفتە نمایشە بەناوبانگەکانی جیهانن و رکابەریان نییە.
 
لە 1ـی تاوەکو 7 ئەیلوولی 2024 هەفتە نمایشی جلوبەرگی دوبەی تایبەت بە وەرزی بەهار و هاوینی 2025، لە دوبەی لە ئیمارات بەڕێوەچوو. هەفتە نمایشەکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی بێتە ئاستی هەفتە نمایشە گرنگەکان لە جیهاندا.
 
هەفتە نمایشەکان ساڵانە بەپێی وەرزەکان سازدەکرێن، جگە لە جلوبەرگی ژنان، نمایشی تایبەت بە جلوبەرگی پیاوانیش لەخۆدەگرن، بەشێک لە هەفتە نمایشەکان تایبەت بە جلوبەرگە گرانبەهاکانن.