چالاک سدیق بەرهەمێکی میوزیکی بەناوی 'شەم' بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

چالاک سدیق، ژەنیاری ئامیری ڤایۆلین، بەرهەمێکی نوێی میوزیکیی بەناوی "شەم" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە و لە گوندەکەی خۆی کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە.
 
چالاک سدیق، بە رووداوی راگەیاند، "شەم" میوزیکێکی کوردییە و لە ئاوازی خۆیەتی و عومەر عەبدوڵڵا دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە، رەسەن و سەردەمیانەیە و بە ئامێری ڤایۆلین ژەنراوە، هەروەها دەنگی ئامێری پیانۆ وەک باکگراوند تێیدا بەکارهاتووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڤیدیۆکلیپەکە لە گوندی باب و باپیرانی وێنەگیراوە، ئەویش گوندی قرخەیە لە قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن ئارام غەفوور کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی بۆ کراوە. 
 
گوتیشی، بەرهەمەکە لەسەر ئەرکی خۆی بەرهەمهاتووە و هاوکاری نەکراوە.
 
چالاک سدیق، لە 31ـی کانوونی یەکەمی 1965 لە گوندی قرخی قەزای چەمچەماڵ لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر بووە و لە قوتابخانە گۆرانی گوتووە، دواتر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی موسڵ میوزیکی خوێندووە.
 
لە 1983 هونەرمەند لەگەڵ ژمارەیەک ژەنیاری دیکە، تیپی مۆسیقای گەرمیانی دامەزراندووە و تاوەکو 1985 بەردەوام بووە، بەڵام بەهۆی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی، هەڵدوەشێتەوە.
 
لە 1987 لەگەڵ سیروان سیرینی، ژەنیاری ڤایۆلین، ژمارەیەک گۆرانی بۆ تەلەڤزیۆنی موسڵ تۆمارکردووە.
 
لە 1992 لە شاری سلێمانی، بەهاوکاری هونەرمەندان دلێر حوسێن، حه‌مه‌ رەئووف كه‌ركوكی و لالۆ ره‌نجده‌ر و ژمارەیەک هونەرمەندی دیکە، تیپی مۆسیقای كه‌ركووك داده‌مه‌زرێنن و چالاکییەکانی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت، لە 1998 دووبارە چالاککراوەتەوە.
 
لە 1999ـەوە و تاوەکو 2004 ئەندامی گرووپی مۆسیقای سلێمانی بووە، لە 1998 لەگەڵ گرووپی مۆسیقای شنروێ کاری کردووە. لە 2001 ئەندامی ئۆرکێسترای سلێمانی بووە.