لە سلێمانی بەرهەمی هەشت فۆتۆگرافەری ژن خرانەڕوو

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بەڕێوەچوونی پێشانگەی "خاتوون" لە هەولێر، هەمان پێشانگە لە سلێمانی کرایەوە، تێیدا هەشت فۆتۆگرافەری ژن بە چیرۆکێکی وێنەیی بەشداربوون.
 
پێشانگەکە ئێوارەی شەممە 20ـی تەمموزی 2024 لە گەلەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی کرایەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە دوای بەشداری هەشت فۆتۆگرافەرەکەی باشووری کوردستان و عێراق بوو لە خولێکی راهێناندا، لەبارەی چیرۆکی وێنەی رۆژنامەوانی کە لە تشرینی یەکەمی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
ئەنیتە نانتەل، فۆتۆگرافەری سوێدی وەک راهێنەر لە وۆرکشۆپەکەدا وانەی پێشکێش بە فێرخوازان کردووە کە 30 ساڵ ئەزموونی لەم بوارەدا هەیە، وۆرکشۆپەکە لەلایەن گڵۆباڵ ریپۆرتینگی سوێدی و فێرگەی فرێیمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی سازکراوە.
 
ئیناس مەحموود حەسەن، یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "من یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگەکەم، چۆنیەتی بەشداریکردنمان لە پێشانگەکەدا، لە رێگەی بەشداریکردنمان بوو لە راهێنان لە فێرگەی فرێمینگ".
 
گوتیشی: "لە کاتی راهێناندا چیرۆکی وێنەی رۆژنامەوانی فێربووین، دواتر پێشنیازەکان خرانەڕوو و من یەکێک لە پێشنیازەکانم پێشکێشکرد، ئەویش وێنەگرتنی خانمە موختارێک بوو لە قەزای حەویجە".
 
فێرگەی فرێمینگ لە 2016 لەلایەن سەفین حەمید، فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی ئاژانسی فرانس پرێس دامەزراوە و گرنگی بە بواری هونەری فۆتۆگرافەری بە گشتی و وێنەی رۆژنامەوانی بەشێوەیەکی تایبەتی دەدات، هەروەها چالاکی لە بواری دیکەی رۆشنبیری و هونەریدا دەکات.