ئەریکا: دەمەوێت تا مردن فێری هونەری کوردی بم

رووداو دیجیتاڵ

ئەریکا هونەرمەندێکی ژاپۆنییە، بە کوردی قسە دەکات و گۆرانی دەڵێت و میوزیکی کوردی دەژەنێت. ئەو هونەرمەندە سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کردووە و عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێر رووداو، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا تۆمارکردووە.
 
بەر لە دەستپێکردنی هەڤپەیڤینەکە، ئەریکا لە نێو باخچەیەکدا یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگە کوردییەکان بەبێ میوزیک پێشکێش دەکات، ئەویش گۆرانیی "جان دە"ـی سەعید یوسف، هونەرمەندی کۆچکردووی رۆژئاوای کوردستانە. 
 
گۆرانییەکە کۆتایی دێت، عەبدولسەلام ئاکنجی، بە گۆرانییەک وەڵامی دەداتەوە، ئەویش گۆرانی "دەلالێ"ـی هونەرمەند شڤان پەروەرە، کاتێک لە تاراوگە لە دۆخی کچێکی کورد دەپرسێت، بەڵام بە دەستکاریکردنی تێکستەکەی و دەپرسێت، چۆن فێری زمانی کوردی بووە، بە هەمان ریتم و گۆرانی، ئەریکا دەڵێت: "ئەز کوردی خوەش دزانم".
 
ئەریکا ساڵانە سەردانی کوردستان دەکات، جگە لە میوزیک و گۆرانی، لە بواری گەشتیارییش کار دەکات، دایک و باوک و برا بچووکەکەی لە ژاپۆن دەژین.
 
دیمەنەکە لە باخچەوە دەگۆڕێت و ئەریکا روو لە نێو بازاڕ و خەڵک دەکات، بە کوردییەکی رەوان گفتوگۆ لەگەڵ هاونیشتمانییاندا دەکات. 
 
ئەو هونەرمەندە ژاپۆنییە کە زیاتر بە گوتنەوەی گۆرانییە کوردییەکان ناوبانگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیداکردووە، دەڵێت، زۆر شت لەبارەی کولتوور و هونەری کوردی فێربووە، بەڵام حەز دەکات زیاتر و زیاتر لەبارەیەوە فێربێت.
 
ئەریکا چیرۆکی خۆی لەبارەی فێربوونی زمانی کوردی بۆ بینەران و بیسەرانی رووداو دەگێرێتەوە و دەڵێت، لە زانکۆی تۆکیۆ لە ژاپۆن، بەشی زمانە بیانییەکان هەیە، کۆرسێکی یەک ساڵی زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی سەرووی) لە 2019ـدا لەو زانکۆیە خوێندووە، لە دوای ئەوە لەسەر فێربوونی زمانەکە بەردەوام بووە.
 
لەبارەی چیرۆکی لەگەڵ میوزیک گوتی، سەرەتا زمانی کوردی فێربوو، دواتریش میوزیکەکەی، بەڵام خۆی پێشتریش هۆگری میوزیک بووە و لە تەمەنی پێنج ساڵیدا فێری ژەنینی ئامێری پیانۆ بووە، دواتریش عود و گیتار، پاشان میوزیکی خوێندووە.
 
ئەریکا، بۆ ئەوەی بە شارەزاییەوە گۆرانی کوردی بڵێت، وانە لە هونەرمەند عەلی تەکباش وەردەگرێت، هەروەها هونەرمەند سەردار جانان هاوکاریەتی.
 
پێشکێشکاری رووداو لەبارەی یەکەم گۆرانی کوردی بیستبێت و سەرنجی راکێشابێت، پرسیاری لێدەکات،  لە وەڵامدا ئەریکا، دەڵێت، گۆرانی "لۆ کەلەشۆ" بوو.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەگەڵ هونەرمەند سەردار جانان لە 2023 چوار کۆنسێرتیان لە شارەکانی ژاپۆن سازکرد.
 
لەبارەی خۆشەویستیی بۆ میوزیک و گۆرانی کوردی، دەڵێت، هیچ بەرژەوەندییەکی نییە، تەنیا بۆ خۆشی خۆیەتی.
 
ئەریکا و عەبدولسەلام، روو لە چێشتخایەکی ئامەد دەکەن و داوای جگەر دەکەن، کە بەناوبانگترین و دڵخوازترین ژەمی خواردنی خەڵکی ئەو شارەیە. شارەزایی ئەو گۆرانیبێژە ژاپۆنییە لەبارەی کورد، تەنیا لەبارەی زمان و میوزیک نییە، بەڵکو زانیاری لەبارەی خواردنە کوردییەکانیش هەیە. خواردنە دڵخوازەکانیشی جگەر و دۆڵمەیە.
 
بە دەم نان خواردنەوە، ئەریکا لەبارەی جیاوازی کولتووری لە نێو ماڵباتی کوردی و ژاپۆنی دەڵێت، لە وڵاتی خۆی دایک و باوک منداڵەکانیان فێری بێدەنگی دەکەن، بەڵام لە کوردستان کاتێک سەردانی ماڵێکی کردووە، گەورە و بچووک دەنگیان زۆر بەرزبووە و وای زانیوە شەڕیانە، دواتر بۆی دەرکەوتووە لە دۆخی ئاسایی بەو شێوەیە قسە دەکەن. هەروەها دەڵێت، بەهۆی ئەو دەنگ بەرزییەوە، کورد دەنگخۆشن.
 
ئەو هونەرمەندە ژاپۆنییە کە بە میوزیک و گۆرانی کوردی خۆی ناساندووە، دەڵێت، ئەو شارە کوردییە حەز دەکات تێیدا بژیت، جۆلەمێرگە.
 
دوای نان خواردن، دەچنە سووری ئامەد، لە دیمەنێکدا ئەریکا و عەبدولسەلام هەڵپەڕکێی کورد دەکەن، دواتریش پێکەوە گۆرانیی "چ چەمە" پێکەوە دەڵێن.
 
لە پردی "10 دەری" بە دەم چا خواردنێکەوە درێژە بە گفتوگۆکە دەدرێت، ئەریکا دەڵێت، کوردستان و ژاپۆن لە زۆر رووەوە جیاوازن، بەتایبەتیش لە رووی کولتوور و مێژووەوە. گوتیشی، ساڵانە یەکجار سەردانی کوردستان دەکات و دوو بۆ سێ مانگ دەمێنێتەوە و بەدواداچوونی زیاتر بۆ هونەری کورد دەکات. هەروەها دەڵێت، دەیەوێت تاوەکو مردن بەردەوام بێت لە فێربوونی هونەری کوردی.
 
ئەریکا، دەڵێت، ئەمساڵ کاتێک هونەرمەند شڤان پەروەر سەردانی ژاپۆنی کرد و کۆنسێرتی سازکرد، داوای لێکرد گۆرانییەک لە کۆنسێرتەکەدا بڵێت، بەڵام دواتر رێککەوتن کە پێکەوە گۆرانییەک بڵێن و گۆرانی "جانێ جانێ"یان پێشکێشکرد.
 
ئەو سەرسامی خۆی بەرامبەر بە میوانداریی کورد دەربڕی، دەڵێت، یەکەمجار کورد میواندارییان کرد، سەرسام بوو، خواردن، کێک، میوە و چای زۆریان پێشکێشکرد. روونیشیکردەوە، ئەو زۆر حەز بە میوانداریی کورد دەکات. بە پێکەنینەوە گوتیشی، یەکەم وشەی کوردی فێریبوو وشەی "سوپاس" بوو، دووەمیان "بخۆ" بوو. 
 
ئەریکا لەبارەی ژنی کوردەوە دەڵێت، ماندوون و کاریان زۆرە و زۆر شەڕ دەکەن، لە کاتی ئاهەنگ و زەماوەند زۆر کار دەکەن. 
 
کۆتاییی گفتوگۆکە پێشکێشکردنی گۆرانیی "فورات"ـی هونەرمەند شڤان پەروەر بوو بە دەنگی ئەریکا.