لە نیویۆرک مۆزەخانەی بانکسی کرایەوە

22-05-2024
پەسار فایەق
دیمەنێکی نێو مۆزەخانەی بانکسی
دیمەنێکی نێو مۆزەخانەی بانکسی
نیشانەکردن بانکسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەم دواییە مۆزەخانەی بانکسی لە نیویۆرکی ئەمریکا کرایەوە، تێیدا گەورەترین کاری هونەریی سەر دیوای هونەرمەندانی نادیار، بە قەبارەی سرووشتی خۆی لەخۆدەگرێت.
 
هازیز ڤاردار، دامەزرێنەری مۆزەخانەکە رایگەیاند، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرۆکەی دروستکردنی مۆزەخانەکەی بە خەیاڵدا هاتووە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو بەرهەمە هونەرییانە بکرێت کە بە خێرایی لەناو دەچن.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، زۆربەی کارە هونەرییەکانی سەر دیوار نامێنن و دەدزرێن، یاخود لەلایەن شارەوانییەکانەوە رەش دەکرێنەوە.
 
ڤاردار، دەڵێت، ناسنامەی ئەو هونەرمەندانەی لەسەر دیوار وێنە دەکێشن، بە نهێنی دەمێننەوە و بەرهەمەکانیان بۆ فرۆشتن نییە.
 
بانکسی یەکێک لە شێوەکارە ناودارەکانی جیهانە، لەرێگەی کارە هونەرییەکانییەوە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکان ناسراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە.
 
لە 2008ـدا خانەی سوزبێز لە نیۆیۆرک، کارێکی هونەریی ئەو شێوەکارەی بە بڕی یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشت.
 
بەشێکی زۆری بەرهەمە شێوەکارییەکانی دەفرۆشرێن، پارەکەی بە خاوەنی ئەو شوێنانە دەدرێت کە وێنەکەی لەسەر کێشراوە.
 
هەرچەندە گومان لە چەند شێوەکارێکی بەریتانیا دەکرێت کە بە ناوی بانکسی ئەم بەرهەمانە بڵاودەکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی راستەقینەی ئاشکرا نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە