لە بەرلین خەڵاتی ورچی زێڕین بە ستیڤن سپیلبێرگ بەخشرا

22-02-2023
پەسار فایەق
نیشانەکردن ستیڤن سپیلبێرگ 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری ئەمریکی، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ورچی زێڕینی شانازی لە بەرامبەر تەواوی کار و بەرهەمە سینەماییەکانی، گەیشتە 73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین و نوێترین فیلمی بایۆگرافیی بەناوی 'The Fabelmans'ـە پێشاندرا.
 
ئەو ئەستێرە سینەماییە دوێنێ، چەند خولەکێک واژۆی بۆ هەوادارانی لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و بووکەڵەی 'E.T' لە باوەشگرت کە پێشتر وەک کارەکتەر لە یەکێک لە فیلمەکانیدا بەهەمان ناو بەکارهاتووە.
 
سیلبێرگ تەمەن 75 ساڵ، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە و خاوەنی زیاتر لە سەت فیلمی سینەمایی، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین تێپەڕی.
 
ئەو دەرهێنەرە ئەمریکییە، لەبارەی خەڵاتکردنی رایگەیاند، شانازییەکی گەورەیە بۆ ئەو لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلین خەڵات بکرێت کە یەکێکە لە فێستیڤاڵە گەورەکانی فیلمە لە هەموو جیهاندا.
 
لەلایەکی دیکەوە، فیلمی 'The Fabelmans' بەربژێری خەڵاتی ئۆسکارە بۆ باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر و باشترین سیناریۆیە و تەنیا دوو هەفتە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە سینەماییە ماوە.
 
جگە لە فیلمی 'The Fabelmans'، چەند فیلمێکی دیکەی سپیلبێرگ لە فێستیڤاڵەکەدا پێشان دەدرێن، لەوانە فیلمی 'Jaws'، 'Schindler’s List'، 'Raiders of the Lost Ark'، 'E.T' و 'Munich'.  
 
'The Fabelmans' بەم دواییە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبی وەک باشترین فیلم وەرگرت و باشترین دەرهێنەر وەرگرت و لە 11ـی تشرینی دووەمی 2022 لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا و لە 26 هەمان مانگ لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا بڵاوکرایەوە.
 
ماوەی فیلمەکە 151 خولەکە و باس لە گەنجێک دەکات کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئاریزۆنای ئەمریکا ژیاوە، نهێنییەکی ترسناک لەبارەی ماڵباتەکەی ئاشکرا دەکات و توانای سینەما لە گەیشتن بە راستییەکان دەخاتەڕوو.
 
ئەم بەرهەمە فیلمێکی نیچمە بایۆگرافییە لەبارەی ساڵانی دەستپێکی کاری دەرهێنەری سپێلبێرگ، ئەو دەرهینەرە فیلمەکەی پێشکێش بە باوکی ئاڕنۆڵد سپیلبێرگ و دایکی لیا ئادلەر کردووە.
 
یەکەم نمایشی 'The Fabelmans' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ بوو و توانی خەڵاتی بینەران بەدەست بێنێت.
 
ستیڤن سپیلبێرگ، بە یەکێک لە کاریگەرترین فلیمسازان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت و 14 جار بەربژیری خەڵاتی ئۆسکار بووە و دوو جار بەدەستی هێناوە، جگە لە کاری دەرهێنەری، نووسەر و بەرهەمهێنەریشە.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین، لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی پێشبڕکێی نەوەکان، بەشی پێشبڕکێی فۆڕم، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە؛ بەشی پانۆڕاما، بەشی نمایشی تایبەت، بەشی نمایشی سینەمای کلاسیک، لە رۆژانی 16 تاوەکو 26ـی شوباتی 2023 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
73یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین، بە پێشاندانی فیلمی 'She Came to Me' دەستیپێکرد کە ئێن هاسەوەی، ئەکتەری ئەمریکی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.
 
خولی ئەمساڵ جیاوازییەکی هەیە، ئەویش بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوە لە دەرهێنەرانی ژن کە 40٪ دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ئەمساڵ پێکدێنن و فیلمەکەنیان پێشاندەدرێن.
 
فێستیڤاڵەکە بە بەرلینالە ناسراوە و ئەمساڵ رێزێکی تایبەت لە ئۆکراینا و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەگرێت.
 
یەکەم خولی فێستیڤاڵەکە لە 1951 بەڕێوەچووە و بە یەکێک لە پێنج باشترین فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنس لە ئیتاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەنداس لە ئەمریکا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە