رووداو- هەولێر
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردەو فێرکردن و رۆشنبیری" یونسکۆ"، رایگەیاند کە سبەی پێنج شەممە 23-2-2017 لە مەڕاسیمێکی تایبەت ناسناوی هونەرمەندی یونسکۆ بۆ ئاشتی بە هونەرمەندی کورد، نەسیر شەممە دەبەخشێت.
ئێرینا بوکوفا، بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا بەهۆی پاڵپشتی کردنی و گرنگیدان بە پەروەردەی میوزیکی بۆ گەنجان، ناسناوی هونەرمەندی یونسکۆ بۆ ئاشتی دەبەخشێتە نەسیر شەممە هونەرمەندی کوردو ژەنیاری بەناوبانگی ئامێری عود.
ئەم رێکخراوە دەربارەی کارەکانی نەسیر شەمە دەڵێت " بۆیە رێکخراوەکەمان ئەم ناسناوە دەبەخشێتە ئەو هونەرمەندە، چونکە بەردەوام لەرێگەی میوزیک پەروەردە و رۆشنبیری پێشکەشی ئەو گەنجانە کردووە ، کە لە ناوچەی ناکۆکی سیاسی وکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، هەروەها شەممە هەوڵیداوە کولتوورو فەرهەنگی عێراقی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێگەی میوزیکی بپارێزێت، ئەمانەش هانی رێکخراوەکەیانداوە ئەم ناسناوەی پێشکەش بکەن".
ئەم ناسناوەی هونەرمەندی یونسکۆ لە پێناو ئاشتی، بەو کەسانە دەدرێت کە ناوبانگییەکی جیهانیان لە بواری هونەری هەیە، هەر بۆیە رێکخراوی یونسکۆ ناوبانگی ئەم هونەرمەندانە بۆ کاری خێرخوازی و مرۆڤایەتی لە جیهان بەکاردەهێنێت،لەگەڵ ئەوەشدا ئەم رێکخراوە هەوڵدەدات لە رێگەی ئەم هونەرمەندانە هۆشیاری رۆشنبیری و هونەری و پەروەردەیی لەنێو خەڵکدا بڵاوبکاتەوە.
نەسیر شەممە، لە ساڵی 1963 لە کوت لەدایکبووە، بەرەچەڵەک کوردی فەیلیەو خەڵکی خانەقینە، لە ساڵی 1987 لە بەغدا پەیمانگەی باڵای میوزیکی تەواوکردووە، دوای تەواوکردنی خوێندن، وەک باشترین ژەنیاری عێراق دیاریکرا، شەممە بە یەکێک لە ژەنیارە باڵاکانی ئامێری عود لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێت، لە چەندین وڵاتی عەرەبی خولی فێربوونی ئامێری عودی کردووەتەوە، کە بەناوی ماڵی عود ناوی دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ