بڵاوکردنەوەی بەشی حەوتەم و هەشتەمی 'Mission: Impossible' دواخرا

22-01-2022
پەسار فایەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پیشەسازی سینەما هەبوو، یەکێک لەو فیلمانەی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەبوو، زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Mission: Impossible'  بوو کە چەند جارێک بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە وێنەگرتنی دواخرا و کاریگەری لەسەر بڵاوکردنەوەشی هەبوو.


کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرز و سکای دەنس، بڵاوکردنەوەی بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Mission: Impossible' لە 20 -9-2022 بۆ 14-7-2023 دواخست، هەروەها بەشی هەشتەمی ئەم بەرهەمەیان بۆ 28-7-2024 دواخست کە بڕیاربوو لە تەممووزی 2023 بڵاوبکرێتەوە.

وەستاندنی وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەهۆی کۆرناوە، کاریگەری زۆری لەسەر وادەی بڵاوکردنەوەی فیلمەکە هەبوو، لە دەستپێکی 2020 وێنەگرتنی ئەم بەرهەمە وەستێندرا، دواتر لە هاوینی هەمان ساڵ دەستیپێکردەوە و لە ئەیلوولی 2021 وێنەگرتنی تەواو بوو.

'Mission: Impossible' یەکێک لە زنجیرە فیلمە ئەکشنە بەناوبانگەکانی سینەمای هۆلیوود و جیهانە و تۆم کروز، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.

تۆم کروز، هەرچەند تەمەنی گەیشتووتە 53 ساڵ، بەڵام لە سەرکێشییەکانی لەم بەرهەمە سینەماییەدا بەردەوامە و لە ترسناکترین دیمەنەکاندا رۆڵی گێڕاوە.

یەکەم وەرزی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 'Mission: Impossible' لە 1996 بلاوکرایەوە بڵاوکرایەوە، بەهۆی سەرکەوتنی فیلمەکە، بەرهەمهێنەرانی بڕیاری بەرهەمهێنانی بەشی دووەمیان دا، دواتر درێژەی پێدرا و دوایین بەشی لە 2018 بڵاوکرایەوە.

تۆماس کروز، لە 3-7-1962 لە ئەمریکا لە دایکبووە، سێ جار بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار کراوە و سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبی بەدەستهێناوە، لە 2020 سەرمایەی ئەو ئەکتەرە بە 570 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەملێندرا.

بەرهەمە سینەماییەکانی کروز، زیاتر لە چوار ملیار دۆلاریان لە ئەمریکای باکوور و 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا کۆکردووەتەوە.

کروز، لە تەمەنی 19 ساڵیدا دەستی بەکاری هونەری کردووە، 'Taps' یەکەم بەرهەمی سینەمایی ئەو ئەکتەرەیە کە 1983 بڵاوکرایەوە، بە فیلمی 'Risky Business' و ' Top Gun' ناوبانگی پەیداکرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە