رووداو دیجیتاڵ
"Gladiator 2" لە رووی داهات و بۆچوونی رەخنەگرانی سینەماوە پێشوازی لێکراوە، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 400 ملیۆن دۆلاری تێپەڕکردووە.
ئەو بەرهەمە سینەماییە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا داهاتی گەیشتە 402 ملیۆن و 87 هەزار دۆلار، لەو داهاتە 149 ملیۆن و 487 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و 252 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری لە سینەماکانی دیکەی جیهاندا بەدەستهێناوە.
فیلمەکە لە 22ـی تشرینی دووەمی 2024 لە سینەماکانی جیهاندا لەلایەن کۆمپانیای "پارامۆنت پیکچەرز" بڵاوکرایەوە، لە دەرهێنانی ریدلی سکۆتە، تێیدا پۆل مێسکاڵ، پێدرۆ پاسکاڵ و دینزڵ واشنتن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
راسڵ کرۆو کە رۆڵی سەرەکی لە بەشی یەکەمیدا گێڕاوە و بەهۆیەوە ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێناوە، لە بەشی دووەمیدا بەشدار نەبووە.
"Gladiator" بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت، بەهۆیەوە کرۆو خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.
بەم دواییە دێنزڵ واشنتن، ئەکتەری ئەمریکی لە کاتی بانگەشە و ناساندنی فیلمە نوێیەکەی لە لەندەن، رایگەیاند، سیاسەت هۆکارێکە بۆ یارییکردن بە جەماوەر.
ئەو ئەکتەر جیهانییە لە کاتی پێشاندانی "2Gladiator " ئەو لێدوانەی دا، کاتێک رۆژنامەڤانێک پرسیاری لەبارەی سیاسەت و دەسەڵات بە بەراورد لەگەڵ رۆڵی لە فیلمەکەدا لێکرد.
واشنتن، گوتیشی، ئاسانە لە دەرەوەی ئەمریکا بیت و هەموو شتێک بڵێیت، بەڵام رووت وەرگێڕە و وڵاتێکی دیکە هەڵبژێرە، دەبینیت هەموویان بە هەمان هۆکار یاریی بە جەماوەر دەکەن.
لەبارەی پێدانی دەسەڵات بە گەل وەک ئەوەی لە فیلمەکەدا باس کراوە، گوتی، "دەسەڵات بۆ گەل؟ بەڵێ راستە رۆژانێک ئەو دەسەڵاتەیان هەبوو کەچی پێیان دەگوترا چاخی بەردین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ