دووەم رۆژی فێستیڤاڵی گەلاوێژ تایبەتكراوە بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان

21-11-2016
رووداو @Rudawkurdish
هاوكار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی
هاوكار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی
نیشانەکردن فێستیڤاڵی گەلاوێژ
A+ A-

رووداو - سلێمانی

دووەمین رۆژی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، تایبەتكراوە بە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەکانی وڵاتی ئەرمینیا، بەتایبەت جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە ساڵی 1915 دا و، باڵیۆزی ئەرمینیا لە بەغدا، وەزیری رۆشنبیری ئەرمینیا و ژمارەیەك رۆشنبیر و ئەدیبی ئەرمەنی بانگهێشتكراون.

هاوكار یاسین، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "ئەمڕۆ تایبەتكراوە بە كولتووری ئەرمەنی و جینۆسایدی ئەرمەنەكان و، دیالۆگی كولتووری كوردی - ئەرمەنی بە ناونیشانی (شاعیری ئەرمەنی گریگۆر سوهراب) دەستپێدەكات". چەند نووسەر و توێژەرێكی كوردیش لەگەڵ ئەرمەنەكاندا گفتوگۆ لەبارەی جینۆسایدی ئەرمەنەكان ‌و پەیوەندی كورد بەو جینۆسایدەوە دەكەن لە جەنگی جیهانیی یەكەمدا.

لە رۆژی دووەمی فێستیاڵەكەدا دوو پانێڵ پێشكەش دەكرێن، یەكەمیان: جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و پەیوەندی كورد بەو جینۆسایدەوە، پەیامنێری رووداو گوتی "مەبەستی سەرەكی بانگهێشتكردنی ئەرمەنەكان ئەم جینۆسایدەیە، قسەیەك هەیە كورد لەو جینۆسایدەدا بەشدار بووە و رەنگە ساردییەك لەنێوان ئەو دوو نەتەوەیەدا هەبێت، دەیانەوێت بەم فێستیڤاڵە ئەو ساردییە نەمێنێت و، هەوڵدەدرێت پەیوەندی نێوان گەلی كورد و ئەرمەن لەڕووی سیاسی و كولتوورییەوە پتەو بكرێتەوە".

پانێڵی دووەم كە پاشنیوەڕۆ پێشكەش دەكرێت، تایبەت دەبێت بە كولتوور و ئەدەبی ئەرمەنی، پەیوەندییەكانی ئەو كولتووە بە گەلی كوردەوە، هەشت نووسەر و رۆشنبیر و ئەدیبی ئەرمەنی بانگهێشتكراون، جگە لە وەزیری رۆشنبیری ئەرمینیا و باڵیۆزی ئەرمینیا لە بەغدا. ئەو میوانانەی لەو وڵاتەوە ھاتوون دڵخۆشن کە بۆ یەکەمجار لە کوردستان پێکەوە گفتوگۆ لەبارەی ئازارە ھاوشێوەکانی ھەردوو نەتەوە دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە 20-11-2016، لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانی، بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەژێر ناونیشانی "نەوەیەکی ئازادی ئەقڵی رۆشنگەر" دەستیپێكرد و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی فێستیڤاڵەکەیە. بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ شیعر، چیرۆک و لێکۆڵینەوە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە