هەڵکەوت زاهیر باسی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەكات

رووداو- هەولێر
 
هەڵکەوت زاهیر، ئاوازدانەری کورد، لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نووسینێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا باسی کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی كردووە. نێوبراو سەرەتای مانگی 5 ی ساڵی داهاتووی بە رۆژی راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە دیاریكردووە.
 
دوور لە هونەر و میوزیک، هەڵکەوت زاهیر ئەمجارە بە شیکارییەکی سیاسییەوە میلۆدی سەرکەوتن و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەژنێت، رەنگە سیاسییەکانیش بەم ئاوازە مەست و سەرسام بکات.
 
لەژێر ناونیشانی "دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە"، هەڵکەوت زاهیر پۆستێکی لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردووتەوە و باس لە ئەگەرەکانی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکات.

هەڵكەوت زاهیر نووسیویەتی " دەتوانم مژدەی ئەوە رابگەیێنم کە زۆر دەوڵەت و هێزی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی، گرەوی دۆڕاندنی کوردیان دەکرد لەشەڕی داعشدا، بەڵام هێز و بازووی پێشمەرگەو سەرکردایەتی کورد، هەموو ئەو چاوەڕوانییەیان کردە خەونی زڕاو".
 
هەڵکەوت زاهیر دەڵێت" زۆر هێزێک دەیانویست هاوپەیمانێتی دژە داعش بەکاربهێنن بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و راوەستانی ئەو کاروانەی بەرەو ئایندەی خۆی بەڕێیخستووە، بەڵام ژیری سیاسەتی سەرکردایەتی کورد و رەوایەتی پرسی کورد، کوردی کردە کارەکتەرێکی سەرەکی لە شەڕی دژە داعشدا و، ئێستا پێشمەرگەی کوردستان وەک تاکە هێزی بوێر لە تێكشکاندنی داعشدا لەسەر ئاستی جیهان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".
 
ئەو ئاوازدانەرە چەند ئاماژەییەک بۆ نزیکبوونەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەخاتەڕوو، لەوانە: تەنها مانەوەی کوردستان لە هاوپەیمانێتی ئەمریکا لە عێراقدا، تەنها مانەوەی پێشمەرگە لە شەڕی مەیدانی دژە داعش، نزیکبوونەوەی کۆتایی داعش لە سنوورەکانی کوردستان، سەرکەوتنی سیاسەتی نەوت و گازی کوردستان و بەفریادڕەس دەرکەوتنی کوردستان بۆ ئەورپایەک کە لەبواری وزەوە دەستی رووسیا لەبینی دایە بۆ خنکاندنی.

نێوبراو هەروەها دەڵێت " ئەوانە وادەكەن بەدڵنیاییەوە مژدەی ئەوە بەخۆم و خوێنەریش بدەم، کە بەیەقینەوە بڵێم دامەرزاندنی دەوڵەتی کوردی لەماوەیەکی زۆر نزیکدا بەڕێوەیە، ماوەیەک کە سەرەتاکەی لە مانگی مای ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات".