کچی براد پیت بە فەرمی دەستبەرداری ناوی باوکی دەبێت

21-08-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن شایلۆ جۆلی براد پیت ئەنجلینا جولی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە فەرمی داواکاریی شایلۆ، کچی براد پیت و ئەنجلینا جۆلی، هەردوو ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود، لە دادگە پەسندکرا بۆ لادانی ناوی باوکی لەسەر ناوی خۆی.
 
شایلۆ، هەر کە پێی نایە تەمەنی 18 ساڵییەوە، رۆژی دواتر چووە بەردەم دادوەر و داوای کرد لە ناوەکەیدا؛ ناوی باوکی لاببرێت. 
 
شایلۆ، لە 27ـی ئایاری 2024 ئەو داوکارییەی پێشکێش بە دادگەی لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کردبوو، رۆژی دووشەممە 19ـی ئابی 2024 دادگە داوکارییەکەی پەسندکرد کە ناوی لە شایلۆ جۆلی – پیت بۆ شایلۆ جۆلی بگۆڕدرێت. هۆکاری ئەم هەنگاوە بۆ تۆمەتبارکردنی پیت دەگەڕێتەوە لەلایەن جۆلییەوە بەوەی کاتی خۆی توندوتیژی بەرامبەر کردوون.
 
چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، منداڵەکانی دیکەی جۆلی و پیت، بەشێوەیەکی نافەرمی دەستبەرداری ناوی باوکیان بوونە.
 
شایلۆ لە 27ـی ئایاری 2006 لەدایکبووە، سێیەم منداڵی ئەو دوو هاوژینەیە کە جیابوونەتەوە و بەوە ناسراوە کە لە دایکی دەچێت.
 
جۆلی و پیت، خاوەنی شەش منداڵن، سێیان منداڵی خۆیانن، سێیەکەی دیکەیان لەخۆیان گرتوونە. ئێستا بەشێکیان ناوی باوکیان بۆ شتە نا فەرمییەکان بەکار ناهێنن.
 
براد پیت و ئەنجلینا جۆلی لە 2005 لە فیلمی "Mr. & Mrs. Smith" رۆڵی سەرەکییان گێڕا، دەستپێکی پەیوەندیی خۆشەویستییان لە رێگەی ئەو فیلمەوە دروستبوو، دوای نۆ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی، لە 2014 لە فەرەنسا ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
 
جۆلی لە ئەیلوولی 2016 داوای جیابوونەوەی پێشکێش بە دادگە کرد، دواتر پیت، بۆ جیابوونەوە داوای مافی مانەوەی منداڵەکان لەلای خۆی کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە