جێنیفەر لۆپێز داوای جیابوونەوە لە بێن ئافلێک دەکات

21-08-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێنیفەر لۆپێز بێن ئافلێک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای پەیوەندییەکی دوو دەیە و دووجار دەستگیرانداری و دووجار گێڕانی ئاهەنگی هاوژینی و چەندین هەواڵ لەبارەی ئەو پەیوەندییە، جێنیفەر لۆپێز داوای جیابوونەوە لە بێن ئافلێک دەکات.
 
جێنیفەر لۆپێز، ئەکتەر و گۆرانیبێژ، رۆژی سێشەممە 20ـی ئابی 2024 لە دادگەی باڵای لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، داواکاری بۆ جیابوونەوە لە بێن ئافلێک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی پێشکێشکرد.
 
ئەو دوو ئەکتەرە لە 2003 لە فیلمی "Gigli" و لە 2004 لە فیلمی "Jersey Girl" پێکەوە کاریان کردووە، دوای جیابوونەوەیان، لە 2022، دووبارە ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
 
بێن ئافلێک (52 ساڵ) لە 2005 ژیانی هاوژینی لەگەڵ جێنیفەر گارنەر، ئەکتەری ئەمریکی پێکهێنا و خاوەنی سێ منداڵان و لە 2018 جیابوونەوە. 
 
جێنیفەر لۆپێز (55 ساڵ) جگە لە ئافلێک، سێ جاری دیکە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
 
ئەو دوو ئەستێرەیە لە 2002ـەوە لە پەیوەندیدا بوون و دەستگیراندار بوون، بەنیازبوون لە 2003 ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بەڵام لە 2004 جیابوونەوە، لە ئایاری 2021 دووبارە گەڕانەوە لای یەکدی و ساڵی دواتر ژیانی هاوژینییان پێکهێنایەوە.
 

جێنیفەر لۆپێز و بێن ئافلێک، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ لای یەکدی، ماوەیەک بوو بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان و دواجار کۆشکێکیان کڕی بۆ ئەوەی پێکەوە تێیدا بژین و نرخەکەی 60 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بوو.
 
کۆشکەکە لە باڤرلی هێڵزە لە لۆس ئەنجڵس بوو و ماوەی چەند مانگێک بوو ئەو دوو ئەکتەرە لەو ناوچەیە بە دوای کۆشکێکدا دەگەڕان.
 

جینیفەر لۆپیز، لە 24ـی تەمموزی 1969 لە ئەمریکا لە دایکبووە، وەک گۆرانیبێژ، ئەکتەر و سەماکار ناسراوە، لە 1991 لە بەرنامەیەکەدا وەک سەماکارێک دەرکەوت، لە 1993 رووی لە کاری نواندن کرد، لە 1997 لە فیلمی سینەمایی "Selena" رۆڵی گێڕا و داهاتی فیلمەکە یەک ملیۆن دۆلار بوو.
 
یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی لۆپێز لە ستۆدیۆ بەناوی "On the 6" لە 1999 بوو، لەگەڵ ئەوەش لە سینەما بەردەوام بوو و لە فیلمی ترسناک "The Cell" رۆڵی گێڕا.
 
داهاتی فیلمەکانی بە سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت و زیاتر لە 70 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمە میوزیکییەکانی فرۆشراون.
 
بێن ئافلێک، لە 15ـی ئابی 1972 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمهێنەری سینەماییە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە دوو خەڵاتی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب.
 
لە تەمەنی منداڵیدا لە زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی "The Voyage of the Mimi" لە 1984 تاوەکو 1988 رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، دواتر لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، پاشان رووی لە کاری دەرهێنان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە