هونەرمەندان چۆن باسی گۆڤار ئەنوەر دەکەن؟

21-08-2022
سۆران حوسێن
هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر. وێنەکە لە فەیسبووکی خۆیەوە وەرگیراوە
هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر. وێنەکە لە فەیسبووکی خۆیەوە وەرگیراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 30 ساڵ لە خزمەتی هونەری کوردی، شەوی رابردوو هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر کۆچی دواییکرد. ئەیام ئەکرەم، هونەرمەندی هاوڕێی باس لە دۆخی ژیان و کاتی نەخۆشیی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت، لە خەمی دابینکردنی کرێی خانووی مانگانە و هەژارییدا مرد. هونەرمەندێکی دیکە دەڵێت: "مردن راستییەکە و هەموومان دەمرین، بەڵام بەوشێوەیە نا کە هاوار بکەیت و بڵێی نەخۆشم و کەس بەهاناتەوە نەیەت".
 
ئەیام ئەکرەم: گۆڤار ئەنوەر لە خەمی کرێ خانوودا مرد
 
رۆژی یەکشەممە 21ـی ئابی 2022، ئەیام ئەکرەم، هونەرمەند و هاوڕێی هونەرمەندی کۆچکردوو گۆڤار ئەنوەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەشت مانگ رۆژانە گۆڤارم دەبردە نەخۆشخانە؛ لە تورکیا چارەسەری هەبوو، بەڵام کەس هاوکاری نەکرد".
ئەیام ئەکرەم دەڵێت، لەگەڵ گۆڤاردا لە زۆر دەرگەی بەرپرسان و رێکخراویان دا، بەڵام بەگوێرەی پێویست هاوکاری نەکران؛ گوتیشی: "چووینە لای بەرپرسی زۆر باڵا و 100 هەزار بۆ 200 هەزار دیناریان پێدەدا؛ ئەوەش هیچی نەدەکرد".

 

 
 
گۆڤار لەنێو دراوسێکانیدا

 

حاجی حەمەد، دراوسێیەکی گۆڤارە و دەڵێت، 17 ساڵە ماڵیان لە یەک گەڕەکدایە و گوتی: "ماڵێکی زۆر باشن لە گەڕەکەکەماندا؛ هەموو کەسێک دۆخی دەزانی. مەگەر بە پێکەنینەکەی ژیانێکی پەیداکردایە، ئەگینا پارەی نۆرینگەیەکی نەبوو؛ پارەی دەرمانی نەبوو؛ هەرکەس جلوبەرگ و سیمای ببینیایە، دەیزانی ئەو پیاوە چۆنە و چۆن دەژی".
 
حاجی حەمەد گوتیشی: "هیوادارم ماڵ و منداڵەکەی لەبیرنەکرێن؛ گۆڤار پیاوێکی رەزا سووک بوو؛ لە ژیانیدا 10 هەزار [دینار]ی زیادەی لە گیرفاندا نەبوو".
 
گۆڤار ئەنوەر، لە ساڵی 1993 بەشداری لە یەکەم کاری هونەری کرد، ئەویش شانۆگەرییەک بوو لە قوتابخانەی ئیبن خەلەکان؛ بۆ یەکەمجاریش لە ساڵی 1997 بەشداری کورتەفیلمێکی کرد بەناوی "منم دکتۆر"؛ هەروەها بەشداری لە 5 فیلمی سکرین، 2 کورتەفیلم، فیلمێکی سینەمایی درێژ و دەیان شانۆ و درامادا کردبوو.
 
گۆڤار ئەنوەر لە زاری هونەرمەندانەوە
 
فەرهەنگ غەفوور، هونەرمەند و بەڕێوەبەری رۆشنبیریی هەولێر بە رووداوی گوت: "گۆڤار بە هەژاریی ژیا، بەڵام بە دەوڵەمەندی ماڵئاوایی لێکردین".
 
هونەرمەندی گۆرانیبێژ تەنیا ئیدریس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گۆڤار پیاوێکی جوان بوو، کەسایەتییەکی جوانیشی هەبوو؛ ئەوەی گلەیی هونەرمەندانە ئەوەیە کە وەکو پێویست بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکانی نەکرا؛ جێگەی داخە". 
 
تەنیا ئیدریس دەڵێت: "مردن راستییەکە و هەموومان دەمرین، بەڵام بەو شێوەیە نا کە تۆ هاوار بکەیت و بڵێی نەخۆشم و چارەسەرم ناکرێت؛ بەداخەوە کۆچکردوو کەس بەهانایەوە نەچوو".
 
هەروەها هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما زاهیر عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گۆڤار کەسێک بوو لەنێو خەڵکدا خۆشەویست و لە بواری کۆمیدیایدا گەورە بووە؛ گوتیشی: "باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک رۆژێک دڵگران بووبێت لە گۆڤار".
 

 
دوایین رۆژی ژیانی گۆڤار ئەنوەر
 
گۆڤار ئەنوەر بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەیناڵاند؛ پێشتر ئەو هونەرمەندە لەبارەی نەخۆشییەکانییەوە بە رووداوی راگەیاند: "تووشی چەند نەخۆشییەک بووم، لەوانە دڵ، کۆبوونەوەی ئاو لەنێو سکم، بوورانەوە و ئاوسانی جەستە." 
 
ئەیام ئەکرەم باس لە دوایین کاتەکانی ژیانی گۆڤار ئەنوەر دەکات و دەڵێت: "دوێنێ شەممە کاژێر 01:00ی نیوەڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی: 'ئەیام وەرە بۆلام'؛ رۆشتم و ئەویش گوتی: 'بابچینە نەخۆشخانە'؛ بردم و وەکو هەموو جارێک چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ کرا و گەڕاینەوە ماڵەوە؛ چارەسەری ئەو لێرە نەبوو؛ ئەو پارەی نۆرینگەیەکی باشی نەبوو".
 
ئەیام ئەکرەم ئاماژەی بەوەش کرد، تەندروستیی گۆڤار هێندە خراپ نەبووە و پێی وانەبوو بەوشێوەیە بێت کە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
 
گۆڤار لە تەمەنی 44 ساڵیدا لە ماڵەکەیدا کۆچی دواییکرد. ئەو هونەرمەندە باوکی دوو کچ و کوڕێکە؛ ئەیام ئەکرەم دەڵێت: "داواکارم هاوکاریی خێزانەکەی بکرێت؛ هاوژینەکەی گەنجە و سێ منداڵی هەیە و کرێچین؛ پێویستە لانیکەم مووچەیەکیان هەبێت بتوانن کرێی خانووەکەیان بدەن".

 

 
پرسە و سەرەخۆشییەکان بۆ کۆچی دوایی گۆڤار ئەنوەر
 
سەبارەت بە کۆچی دوایی هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بۆ كۆچی ناواده‌ی هونه‌رمه‌ندی بواری نواندن و كۆمیدیا خوالێخۆشبوو گۆڤار ئه‌نوه‌ر، سه‌ره‌خۆشیی قووڵم ئاراسته‌ی خێزان و كه‌سوكاری به‌ڕێزیان و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر و كوردستان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌میانم؛ گۆڤار ئه‌نوه‌ر به‌ نواندن و كاره‌ كۆمیدییه‌كانی جێگه‌ی خۆی له‌ دڵی جه‌ماوه‌رێكی فراوانی كوردستاندا كردبووه‌وه‌ و خۆشه‌ویست و مایه‌ی رێز بوو. له‌ خودای مه‌زن داواكارم گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنه‌وایی و ئارامی به‌ هه‌مووان ببه‌خشێت".
 
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەند گۆڤار ئەنوەرم بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و دۆست و ئاشنایانی دەکەم و ھاوبەشی خەمیانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە ھەمووان ببەخشێت."
 
گۆڤار ئەنوەر لە 1978 لە گەڕەکی کوورانی شاری هەولێر لەدایکبوو، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر بوو و شەوی 20ـی ئابی 2022 کۆچی دواییکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە