'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە کەرکووک نمایشدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دوای نمایشکردنی لە هەولێر و سلێمانی و پێشوازی گەرمی بینەران لەم بەرهەمە، وێستگەی داهاتووی شاری کەرکووکە.
 
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەریی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بە رووداو راگەیاند، بڕیارە لە 1-9-2022 شانۆگەرییەکە رۆژانە لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکووک دەستپێدەکات، ئەمەش لە دوای ئەو پێشوازییە گەرمەی هەولێر و سلێمانی دێت لەم بەرهەمە.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و 26 هەزار و 400 بینەری هەبوو، لە هەولێر 35 رۆژ نمایشکرا و 15 هەزار و 700 بینەری هەبوو، لە هەردوو شارەکە زیاتر لە 42 هەزار بینەر هەبووە.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، لە دەرهێنانی شوان کەریمە، سۆران عوسمان و کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی ئەم بەرهەمەیە.
 
لەم بەرهەمە شانۆییەدا رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دگێڕن.
 
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.
 
رووبار خالید، شانۆکار و ئەکتەری سەرەکی لە شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' میوانی بووڵتەنی هونەری رووداو بوو کە رۆژانە لە کاژێر 10:40ـی بەیانی لەلایەن بانوو دڵشاد پێشکێشکدەکرێت، تێیدا تیشکی خستە سەر نمایشی ئەم بەرهەمە شانۆییە لە کەرکووک.