رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند جوان حاجۆ، بەبۆنەی رۆژی لە دایکبوونییەوە، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'شەڤێن لال' بەشێوەی دەنگ بۆ هۆگرانی بڵاوکردەوە.
ئەم بەرهەمە لە تێکستی زۆزان ئوزونە و لە ئاوازی جوان حاجۆیە و لەلایەن هەڤاڵ حاجۆ کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە.
کاری میکس و ماسترینگی ئەم بەرهەمە لەلایەن ئەرمان ئایدۆنەر کراوە و بە دەنگ و گرافیک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە.
جوان حاجۆ لە ١٧-8-1957 لە تربەسپیێ لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، ھەر لە منداڵییەوە شەیدای میوزیک بووە و لە 17 ساڵیدا بۆ یەکەمجاری لە شوێنێکی گشتیدا گۆرانیی گوتووە، لە 1979 کوردستان جێهێشتووە و لە زانکۆی 'Ruhr University Bochum' لە ئەڵمانی میوزیکی خوێندووە.
جوان حاجۆ، خاوەنی 14 ئەلبوومی گۆرانییە، هەواداری لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە و جگە لە ئەزموونی لە بواری میوزیک و گۆرانیدا، وەک ئەکتەریش لە فیلمی سینەمایی 'دۆڵ' لە دەرهێنانی هونەر سەلیم بەشداربووە.
ئەو هونەرمەندە یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەناوی 'ئەمینا ئەمینا' لە 1970 بڵاوکردووەتەوە، لە ساڵانی 1979 تاوەکو 2018 ئەم ئەلبوومانەی بڵاوکردووەتەوە: 'پێشمەرگە'، 'دیاربەکر'، 'وەڵاتپەرستی'، 'گولا سووڕ'، 'لەیلا'، 'گرتیێن ئازادیێ'، 'چاو بێللا'، 'سی و سێ گوللـە'، 'دووری'، 'بلوورا من'، 'داستانا عەگیدەکەی'، 'دەریا'، 'نا نا'، 'Off'، 'ڤەگەڕ' و 'فەلەک'.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ