لە هەولێر پێشاندانی تایبەتی 'شاردنەوەی سەدام حوسێن' بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

وەک ئامادەکارییەک بۆ پێشاندانی فیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە سینەماکانی باشووری کوردستان، پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو و ستافی فیلمەکە، ئامادەی پێشاندانی ئەم بەرهەمە بوو.
 
پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە ئێوارەی شەممە 20ـی تەمموزی 2024 لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس، رۆشنبیر، هونەرمەند و رۆژنامەڤانان ئامادەبوون و بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین.
 
هەڵکەوت مستەفا، بەر لە پێشاندانی فیلمەکە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا هاوکاری بوونە. هیوای ئەوەشی خواست، حکومەتی عێراق رێگە بە پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا بدات.
 
بڕیارە پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی تەمموزی 2024 لە سینەماکانی باشووری کوردستان دەستپێبکات، لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر رۆژانە چوار پێشاندانی لە کاژێر (14:00، 16:30، 19:00 و 20:00)، لە ستی سینەما لە سلێمانی چوار پێشاندانی لە کاژێر (16:00، 18:00، 20:00 و 22:00) و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک دوو پێشاندانی لە کاژێر (15:30 و 19:00) دەبێت.
 
پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە 18ـی تەمموزە، پێشاندانی لە سینەمای 10 وڵاتی عەرەبی دەستیپێکردووە، هەردوو وڵاتی مەغریب و تونسیش پێشاندانیان بۆ جەژنی قوربان پێشخستبوو.
 
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
 
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.