رووداو دیجیتاڵ
لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، سینەمای بۆلیوود ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە، یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی تێیدا بەشدارە، فیلمی 'Killers of the Flower Moon'ـە کە لە دەرهێنانی مارتن سکورسێزییە و هەریەک لە رۆبێرت دی نیرۆ و لیۆناردۆ دی کاپریۆ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
فیلمەکە بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەکە، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێستیڤاڵدا پێشاندرا و بەشێک لە ستافی فیلمەکە ئامادەبوون، ئەویش دەرهێنەر و هەردوو ئەکتەری سەرەکی ئەم بەرهەمە بوون و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
ناوەڕۆکی فیلمی 'Killers of the Flower Moon' وەک زۆربەی فیلمەکانی سکورسێزی، باس لە کوشتن و تووندوتیژی دەکات و چیرۆکێکی راستەقینەی هەیە و دەبێتە حەوتەم کاری هاوبەشی دی کاپریۆ و سکۆرسێزی.
ماوەی فیلمەکە 156 خولەکە و بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 16ـی ئایاری 2023 لە شاری کانی کەناری دەریایی فەرەنسا دەستیپێکرد، تاوەکو 27ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، یەکێک لە میوانە دیارەکانی هاریسن فۆرد، ئەکتەری ئەمریکی و جیهانییە، ئەمساڵ بە فیلمی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' بەشدارە کە بەشی پێنجەمی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones'یە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ