ملیاردێرێکی میسری هەموو بلیتەکانی فڕۆکەیەک بۆ خۆشەویستەکەی دەکڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرمایەدارێکی میسری دەیەوێت بە فڕۆکەیەکی تایبەت لەگەڵ خۆشەویستەکەی بچێتە کەناراوەکانی بالی لە ئیندەنووسیا، بەڵام کاتێک دەبینێت فڕۆکەی تایبەت نەماوە، بڕیاردەدات هەموو بلیتەکانی فڕۆکەیەکی گەورە بکڕێت.
 
شەیما سوباشی، کەسایەتییەکی بەنێوبانگی بە بنەچە تورکە، لە هەژماری ئینستاگرامی خۆی وێنەی کچەکەی لەناو فڕۆکە بڵاوکردەوە و دەنووسێت، خۆشەویستەکەی کە سەرمایەدارێکی میسرییە دوای ئەوەی فڕۆکەی تایبەتی دەستناکەوێت، هەموو بلیتەکانی فڕۆکەیەکی گەشتیاری کڕیوە تاوەکو شەیما و کچەکەی بتوانن لە گەشتەکەیاندا ئاسوودە بن.
 
شەیما وێنەی کچەکەی لە ناو فڕۆکەیەکی چۆڵ بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیووە، "فڕۆکەی تایبەتی دەستنەکەوت، تەواوی بلیتەکانی فڕۆکەیەکی گەورەی بۆمان کڕی".
 
ئەو وێنەیەی شەیما هەر زوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و کاردانەوەی زۆری لە تورکیا بەدوای خۆیدا هێنا.
 
شەیما پێشتر هاوسەرگیری کردووە و ساڵی 2018 لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، کچێکی تەمەن هەشت ساڵانی هەیە و وەک دەگوترێت بەنیازن لەو گەشتەیاندا لەگەڵ خۆشەویستە میسرییەکەی هاوسەرگیری بکەن.